Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا: پاراستنی سروشت بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، پەیامێکی هاوچەرخ ئاراستەی ڕێکخراو و لایەنە ژینگەپارێزەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە پاراستنی سروشت تەنیا ئەرکێکی حکوومی نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نیشتمانی و مرۆییی هاوبەشە، نێچیرڤان بارزانی پابەندبوونی هەرێمیش دووپات دەکاتەوە بۆ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی تەندروست بۆ نەوەکانمان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

ئه‌مڕۆ لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، سڵاو و پێزانین ئاراستەی سەرجەم ژینگەپارێزان، ڕێکخراوەکان و لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی هه‌رێمى کوردستان دەکەم کە دڵسۆزانە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەى جوانی وڵاتەکەمان کار دەکەن.

پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، ته‌نیا ئه‌ركێكى حكوومى نییه‌، به‌ڵكوو بەرپرسیاریه‌تییەکی گەورەی نیشتمانی و مرۆییی هاوبەشە. ئەرکی هەموومانە لە ناوەندەکانی پەروەردە، خێزان، میدیا و دامەزراوەكان، پێکەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی ژینگەپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سروشتی وڵاتەکەمان بکەین.

دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پابەندى هاوکاری و کارکردنی هاوبەشه‌ لەگەڵ حکوومەتی عێراقى فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەپێناو پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

 

ڕۆژی جیهانیی ژینگە لە هەمووان پیرۆز بێت.

 

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/6/5