Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی هاوخەمیی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی شێخ محەمەد ئیسحاق

هەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعوود بارزانی لە پەیامێکی هاوخەمیدا، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز، مەرجەعی باڵای ئایینی و زانستیی عێراق و جیهانی ئیسلامی ڕادەگەیەنێت و سەرەخۆشی لە مەرجەعییەتی باڵا، بنەماڵەی کۆچکردوو و سەرجەم شوێنکەوتووانی دەکات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی جەنابی ئایەتوڵڵا شێخ محەمەد ئیسحاق فەیاز، کە یەکێک بوو لە گەورەترین مەرجەعە ئایینی و زانستییەکانی عێراق و جیهانی ئیسلامیمان پێگەیشت.

لە کاتێکدا کە زۆر خەمبارین بەم کۆستە گەورەیە، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵ و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی پێگەی بەرزی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، بنەماڵەی بەڕێزی خوالێخۆشبوو، سەرجەم شوێنکەوتووان و خۆشەویستانی دەکەین.

لە خودای گەورە و میهرەبان دەپاڕێینەوە کە خوالێخۆشبوو بخاتە بەر سێبەری رەحمەت و دلۆڤانیی فراوانی خۆی، بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و، سەبووری و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.

 

إنا لله وإنا إلیه راجعون

 

مەسعود بارزانی

4ـی حوزەیرانی 2026