ئیتاڵیا-KDP.info- شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و یاوەری فەریق روکن بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتی، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتیەکانی وەزارەت، لە سەردانەکەیاندا بۆ ئیتاڵیا لە لایەن جەنەڕاڵ لوچیانۆ پۆرتۆلانۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیاوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیتاڵیا، بە تێروتەسەلی باس لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان سوپای ئیتاڵیا و هێزەکانی پێشمەرگە کرا، هەروەها پرسی مانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا و بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و مەشقی سەربازی بە هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ کرا.
هەردوولا ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشاندا بۆ بەردەوامیدان و پەرەپێدانی زیاتری ئەو هاوکارییانەی کە لە ئێستادا لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی ئیتاڵیادا هەن.

لە دووەم دیداردا، شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای ئیتاڵیایان بەسەرکردەوە. لە کۆبوونەوەیەکدا، لەگەڵ جەنەڕاڵ یانۆچی پرسی هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی نێوانیان تاوتوێ کرا. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئیتاڵیا پابەندیی بەردەوامی وڵاتەکەیانی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەرک و کارەکانی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی ترەوە، شاندی وەزارەتی پێشمەرگە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئیتاڵیایان بەسەرکردەوە، کە تێیدا وێڕای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە شاندەکە، زانیاری پێویست و هەمەلایەنیش لەسەر شێوازی کارکردن و سیستمی بەڕێوەبردنی ئەو ژوورە بە شاندی وەزارەتی پێشمەرگە درا.
لە درێژەی دیدارەکانیان دا، شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بارەگای فیرقەی باشووری ئەوروپای سەر بە هێزەکانی ناتۆی لە شاری فلۆرەنسای ئیتاڵیا کرد و لەلایەن فەرماندەی فیرقە و ستافی هەیئەی ئەرکانی فیرقەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا، فەرماندەی فیرقەی باشوری ئەوروپای ناتۆ، تیشکی خستەسەر ئەرک و کارەکانی فیرقە و ئەو لیوایانەی لە ناوچەکانی باشووری ئەوروپادا کار بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری دەکەن، لای خۆشیەوە سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی پێشوازییە گەرمەکەی فەرماندە و ستافی فیرقەکەی کرد و هیوای خواست کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆ و یەکە سەربازییەکانی سەر بە ناتۆ بەردەوام لە پێشچوون و گەشەسەندنی زیاتر دابێت.