Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە باڵیۆزی تورکیا دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهان کرایەوە و هەردوولا خواستی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان نیشان دا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦/٤، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ‌ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، ھەردوولا جەختییان لە گرنگیی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە، بە تایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. لەمبارەیەوە، ئاماژە بە سەردانی گرنگ و سەرکەوتووی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکوومەت بۆ تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئەو وڵاتە درا.

ھەروەھا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشھات و گۆڕانکاری و پەرەسەندبەکانی دۆخی گشتیی عێراق و پێویستیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی نوێی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان ئاڵوگۆڕ کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە گرنگیی پەرەپێدانی کەرتی وزە لە عێراق و بەردەوامبوونی ھەناردەکردنی نەوتی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا و کارکردن بۆ پەرەپێدانی بەرھەمھێنانی نەوت و زیادکردنی داھاتی گشتی و باشترکردنی دۆخی دارایی عێراق کرا.