Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی ٩ بۆ KDP.info: بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی خەڵک بە حکوومەت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، تەواوی داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچەکەیان گەیاندووەتە لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. مژدەی ئەوەش دەدات کە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو و ڕێگەوبان لە قەزای بەردەڕەش بەردەوامن و ئەوانەی وەستابوون دەست پێدەکەنەوە.

دکتۆر مەردان خدر، بەرپرسی لقی نۆی پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "با خەڵکی ئێمە دڵنیابن کە بەردەوام لەسەر ھێڵین بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان. پێداویستییەکانی خەڵک لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ژیاندا نوێ دەبنەوە، حکوومەتیش بەپێی توانا و بارودۆخی دارایی، بەدەم داواکارییەکانەوە دێت."

پەیوەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەرپرسی لقی نۆ گوتی، "پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش، کارکردن تێیدا بەردەوامە و کۆمپانیای جێبەجێکار لەسەر کارەکەیەتی. ئەم پڕۆژەیە گرنگییەکی زۆری بۆ سەنتەری قەزاکە، ھەر سێ ناحیەکە و گوندەکانی دەوروبەری ھەیە، ڕێگەی دووسایدی بەردەڕەش - کەڵەکیش، ئەم پڕۆژە ستراتیژییە بەھۆی کێشەیەکی کۆمپانیای جێبەجێکارەوە وەستابوو. داواکاری بۆ دەستپێکردنەوەی ئاراستەی باڵاترین لایەنی حکوومی کراوە، بەم نزیکانە کێشەکە چارەسەر دەبێت و کۆمپانیایەکی دیکە پڕۆژەکە تەواو دەکات.

دکتۆر مەردان خدر ھیوای خواست، "بەم نزیکانە حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە، تاوەکو پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بەردەوام بێت، بەتایبەت لە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کە پێویستییان بە گرنگیی زیاترە."

لە کۆتاییدا بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی کردەوە کە  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ئەو دوو قەزایە درێغی ناکات.

 

بڵند ئیبراھیم