ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان، بنکەی لالش بە پاڵپشتیی دارایی و ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستی بە پڕۆژەیەکی بەرفراوان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی ھۆڵەکانی پرسە و یادەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ئێزدیان.
سەعید چردۆ، سەرۆکی بنکەی لالش، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، کە خەڵکی دەڤەرەکە لە ڕۆژانی پرسە و یادەوەرییەکاندا بەدەست کەمیی ھۆڵ و شوێنی شیاوەوە دەناڵاند، بۆیە پاش گەیاندنی ئەم داواکارییە بە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، بە خۆشحاڵییەوە کارکردن لەم پڕۆژانەدا دەستیپێکرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ساڵی ڕابردوو دوو ھۆڵی بەرفراوان لە دەڤەری شێخان نۆژەنکرانەوە، لە ئێستاشدا کارکردن بە شێوازێکی مۆدێرن لەسەر دوو ھۆڵی گەورەی دیکە لە ناحیەی باعەدرێ بەردەوامە، کە بڕی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە خزمەت خەڵکی ناوچەکە.
سەرۆکی بنکەی لالش تیشکی خستەسەر گرنگیی ئەم ھەنگاوە و ڕوونی کردەوە کە لە ڕابردوودا بەھۆی کەمیی خزمەتگوزاری و تێکچوونی بەشێک لە ھۆڵەکان، ھاووڵاتییان لە کاتی یادی کەسایەتییە مەزنەکاندا ڕووبەڕووی ناڕەحەتی دەبوونەوە، بەڵام ئێستا توانیویانە ئەو گرفتانە چارەسەر بکەن و دڵنیایی و ئاوەدانی بگەڕێننەوە بۆ شوێنەکان.
لە کۆتاییدا، سەعید چردۆ جەختی لەوە کردەوە کە کابینەی نۆیەم خزمەتێکی مەزنی پێشکەش بە کۆمەڵگەی ئێزدی کردووە، کە تەنیا لەم پڕۆژانەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دروستکردنی شەقامی لالش، پڕۆژە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان و دابینکردنی مووچە بۆ ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش، بەشێکن لەو خزمەتە گرنگانەی پێشکەشیان کراوە.
دڵگەش باعەدری