Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوته‌بێژی حكومه‌ت بۆ KDP.info: هەرێم لە مێژە ئامادەکاریی تەواوی بۆ ئەم مەلەفە کردووە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە ئەنجامی کۆبوونەوە سیاسییەکان ڕێگە بۆ شاندە تەکنیکییەکان خۆش دەکات تا لەسەر یاسای بودجە بگەنە ڕێککەوتن. ئاماژە بەوەش دەکات کە هەرێم لە مێژە ئامادەکاریی تەواوی بۆ ئەم مەلەفە کردووە و دڵنیاییش دەدات کە هیچ گرفتێک بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست نابێت.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ گرفتێک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست نەبووە، ئێمەش فەرمییانە ئاگادار کراوینەتەوە کە لە داهاتووشدا هیچ بەربەستێک بۆ مووچە دروست نابێت، بۆیە چاوەڕێی پابەندبوونی عێراق و دەرەنجامی گفتوگۆی کۆبوونەوەکان دەکەین."

گوتەبێژی حکوومەت ڕوونیشی کردەوە، "هەر کاتێک کۆبوونەوەکان لەسەر ئاستی سیاسی بگەنە ئەنجامێکی باش، دەبێتە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ شاندە تەکنیکییەکان تا لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر یاسای بودجە. بۆ ئەم مەبەستەش، هەرێمی کوردستان لە مێژە ئامادەکاریی پێویستی کردووە."

پێشەوا هەورامانی لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، "ئەمجارە لەگەڵ حکوومەتی عێراق تەنیا گفتوگۆ لەسەر پرسی مووچە ناکەین، بەڵکو تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانمان لەسەر ناردنی تەواوی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەشە بودجەکەمان بەڕێکوپەکی ڕەوانە بکرێت."

 

بڵند ئیبراهیم