Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری سووتەمەنی بۆ KDP.info: بڕی پێویستی غاز لەبەردەستە و نرخەکەی لە دابەزیندایە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی ئەو ڕێکارانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرتوویەتیە بەر، نرخی غاز بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە ٥ هەزار دینار لە نرخی هەر بتڵێک دابەزیوە. دڵنیاییش دەدات کە بەم زووانە نرخەکەی وەک پێشتری لێ دێتەوە.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی غازەوە نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین ڕێکاری خێرای گرتە بەر. بەو هۆیەوە ئێستا بڕی پێویست غاز لەبەردەستە و نرخەکەی بەردەوام لە دابەزیندایە."

بەرپرسەکەی سووتەمەنی ڕوونیشی کردەوە، "کۆمپانیا بەردەوام بڕی غازی پێویستمان بۆ زیاد دەکات، لە ئێستادا غاز بە نرخی حکوومی (٨ هەزار و ٥٠٠ دینار) بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکانیش دابین دەکرێت. خۆشمانیش خەریکی دابەشکردنی بتڵی سێیەمی غازین بەسەر هاووڵاتیاندا، بە جۆرێک لە زۆر شوێن بەهۆی زۆریی غازەوە، خەڵک هەیە غازی هەیە و وەریناگرێت."

سەبارەت بە جیاوازیی نرخەکان، ئاری کاکەشین گوتی، "پێشتر نرخی یەک بتڵ غازی بازرگانی سەرووی ٢٥ هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ ١٧ هەزار دینار دابەزیوە. غازی حکوومیش کە بە کارت دابەش دەکرێت، نرخەکەی تەنیا ٨ هەزار و ٥٠٠ دینارە. بەم نزیکانەش نرخەکە بەتەواوی وەک پێشتری لێ دێتەوە."

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر ئاماژەی بە ڕێکخستنەوەی کارگەکان کرد و ڕایگەیاند، "هەر کاتێک دۆخی غاز بەتەواوی ئاسایی بووەوە، چیتر ڕێگە نادرێت لە بەنزینخانەکاندا بتڵی غاز پڕ بکرێتەوە، بەڵکو وەک پێشتر پڕکردنەوە و دابەشکردنەکە تەنیا لە ڕێگەی کارگە فەرمییەکانەوە دەبێت."

 

بڵند ئیبراهیم