هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە ھەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵی خۆی ئاراستەی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شانشینی یەکگرتوو کرد، بەھۆی گیانلەدەستدانی دوو سەربازیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی مەشق و ڕاھێنان لە شاری ھەولێر.
سەرۆکی ھەرێم لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شانشینی یەکگرتوو دەکەم بۆ کۆچی دوایی دوو سەربازی ئەمەریکی و بەریتانی کە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی مەشق و ڕاھێناندا لە ھەولێر، گیانیان لەدەستدا".
ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەم کاتە سەختەدا، ھاوخەمی و نزا و پاڕانەوەی بۆ خێزان و ئازیزانی ئەو دوو سەربازە ھەیە. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەختی لە بایەخی پەیوەندییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "ئێمە بە بەرزییەوە نرخاندن بۆ ڕۆڵ و کارەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و بەردەوامییان لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەین".