ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دڵتەنگیی قووڵی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە کاتی مەشقێکی سەربازیدا لە هەولێر دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی ئەو دوو وڵاتە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دەمێنێتەوە.
سێشەممە 2ـی حوزەیرانی 2026، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی، "زۆر دڵگرانم بە بیستنی هەواڵی گیانلەدەستدانی دوو ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە کاتی مەشقێکی سەربازیدا لە هەولێر."
سەرۆکی حکوومەت سەرەخۆشیی گەرمی خۆی ئاراستەی خێزان، هاوکاران و سەرکردایەتیی هەردوو وڵات کرد و هاوخەمیی خۆی بۆ ئەو رووداوە نیشاندا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسروور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو دوو وڵاتە کرد و گوتی، "ئێمە بە شانازییەوە هاوبەش و هاوپەیمانی ئەمریکا و بەریتانیاین."
هەروەها جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە کارکردنی پێکەوەیی بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە گشتی.