Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی نووسینگە و کونسوڵی گشتیی تورکیا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ سێشەممە 2026/6/2 بەڕێز د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا خرانە بەر باس، تیایدا جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانیان و فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە تێکڕای کایەکاندا، بەتایبەتی لە کایەکانی ئابووری و بازرگانیدا، کرایەوە.

لە تەوەری ناوخۆدا، وێڕای تاوتوێکردنی پەرەسەندنەکان لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو جووڵە و هەنگاوانەی کە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و سەقامگیرکردنیدا لە ئارادان، خرانە ڕوو، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی نووسینگە، هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لەو پێناوەدا، ڕوون کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، ڕەوشی گشتیی ناوچەکە، ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی هەڵسەنگێنران؛ هەردوولا لەسەر گرنگیی بەردەوامیی دانوستاندنەکان بە ئاراستەی هێورکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە لێکگەیشتن، هاوڕا بوون.