Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پیرۆزبایی ڕۆژی نیشتمانی لە کۆماری ئیتالیا دەکات

هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری ئیتالیا، مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر و حکوومەت و گەلی ئەو وڵاتە دەکات و تێیدا وێڕای جەختکردنەوە لە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکان، ستایشی ڕۆڵی بنیاتنەرانەی ئیتالیا دەکات لە پشتگیریکردنی سەقامگیری و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان.

دەقی پەیامی پیرۆزباییەکەی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی:

بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری ئیتاڵیا پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی تۆماسۆ سانسۆن، کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر، حکوومەت و گەلی هاوڕێی کۆماری ئیتالیا دەکات.

لە پەیامی پیرۆزبایدا پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند کە ئەم بۆنە نیشتمانییە گرنگە وەک هێمایەک بۆ بەهاکانی دیموکراسی، ئازادی، یەکگرتوویی و ئیرادەی گەل سەیر دەکرێت، ئەو بەهایانەی کە لە کوردستاندا ڕێزێکی تایبەتیان هەیە و بەشێکن لە بنەماکانی خەباتی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەم دەرفەتەدا سوپاس و پێزانینی خۆی دەردەبڕێت بۆ هاوڕێیەتیی دیرین و پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان کۆماری ئیتالیا و هەرێمی کوردستان. ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە، بەرژەوەندیی هاوبەش و بەها هاوبەشەکان دروست بوون و بە درێژایی ساڵان، لە ڕێگەی پەیوەندیی دیپلۆماسی، هاوکاری و سەردان و ئاڵوگۆڕی ئاست بەرزی نێوان سەرکردایەتی و نوێنەرانی هەردوولا، زیاتر بەهێز بوون.

پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێزانین و ستایشێکی بەرزەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی بنیاتنەرانە و بەشداریی گرنگی ئیتالیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە پشتیوانی بۆ ئاشتی، سەقامگیری، گەشەپێدان و گفتوگۆ. هەروەها هیوادارە لە داهاتوودا ئاسۆی نوێ بۆ فراوانکردنی هاوکاری لە بوارەکانی دیپلۆماسی، بازرگانی، پەروەردە، کولتوور و پەیوەندیی نێوان گەلان بکرێتەوە.

لە ڕۆژی نیشتیمانی کۆماری ئیتاڵیادا بەو پەڕی گرنگی و هیواوە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لە لە پاراستن و فراوانکردنی پەیوەندییەکان دەکەینەوە و کار دەکەین بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و خۆشگوزەرانتر و پێشکەوتر بۆ گەلی کوردستان و گەلی ئیتالیا.  دوبارە پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی دۆستمان دەکەین. 

 

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢ی ٦ی ٢٠٢٦