Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەحموود محەمەد: بەرنامەیەکی کرداری بۆ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان ئامادەکراوە

هەولێر-KDP.info- مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێم، پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکان و کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ خستەڕوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢ـی ٦ی ٢٠٢٦، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، ئەو کێشانەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا هەن لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە، جێهێڵدراون بۆ گفتوگۆ و قسە لەسەرکردن. جەختیشی کردەوە، پارتی ئێستا خاوەنی ڕایەکی دیاریکراو و ڕوونە سەبارەت بەو بابەتانە.

سەبارەت بە سەردانی لایەنە سیاسییەکان، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەیەکی کرداری بۆ سەردانەکان هەیە، وەک ئەوەی سەرۆک بارزانی پێشتر ئاماژەی پێداوە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک یان چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو بەرنامەیە پەیڕەو بکرێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئاشکرای کرد، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا دیاری نەکراوە. هاوکات باسی لە سەردانی شاندی پارتی بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی کرد و گوتی،  "پشتیوانی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوومان کردووە و هەوڵ دەدەین هەموو لایەنەکان، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتن یان ئۆپۆزسیۆن، خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر پاراستنی دەستکەوتەکان و هەرێمی کوردستان."

گوتەبێژی پارتی گەشبینی خۆی نیشان دا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە داهاتوودا بە مەبەستی سووککردنی ئەو بارە قورسەی لەسەر شانی لایەنەکان و خەڵکی کوردستانە. گوتیشی، "ئێمە لە گفتوگۆکاندا ڕای خۆمان لەسەر هەموو پرسەکان دەبێت، بەڵام ئەگەر لایەنەکان لەسەر بڕیار و داواکارییەکانیان پێداگربن، دەبێت دەرچەیەک بدۆزرێتەوە."

راشیگەیاند، "خەڵکی کوردستان ماندووە و دەنگی بە لایەنەکان داوە بۆ ئەوەی پەرلەمان، حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم پێکبهێنرێت. ئەگەر لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن و هیچ کام لەمانە نەکرا، ئەوا تاکە بژاردە ئەوەیە کە بچینەوە بۆ هەڵبژاردن."

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی ئێمە دەڵێین: چارەسەر ئەوەیە هەموو لایەنەکان ڕێکبکەوین بۆ پێکەوە کارکردن بۆ چارەکردنی ئەو گرفتانەی کە هەیە، بەڵام ئەگەر نەبوو چارەیەکی دیکە نییە. دەبێت هەموو لایەنەکان و بەبێ جیاوازی لەگەڵ ئەوەداین،دەبێت ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن. بەڵام چۆن و چەند ڕەنگە جیاوازیمان لەڕووی بیرکردنەوە و کردارەوە هەبێت.