Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر بڕیاری توند بۆ ڕێکخستنەوەی پایتەخت دەردەکەن

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی جوانترکردنی سیمای شار، ڕێکخستنەوەی شەقام و بازاڕە میللییەکان و پاراستنی ژینگەی پایتەخت، ئەمڕۆ دووشەممە، ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و تایبەتیان کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە جێگری پارێزگار، قائیمقامەکانی قەزای ناوەند و عەنکاوە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، نەخشەدانان، ئەندازەی پارک و باخچەکان و خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی ئامادەی بوون، چەندین بڕیاری گرنگ دران.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی و بەپەلە کردەوە بۆ پاکوخاوێنی و ڕێکخستنەوەی هەولێر لەوانە، ڕێگریکردن لە دیاردەی ناشارستانیی ڕاوەستانی عارەبانە و ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەی هەرەمەکی لەسەر شەقامە گشتییەکان، کە بووەتە هۆی جەنجاڵی و پێشێلکردنی مافی هاتووچۆی هاووڵاتیان، سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی ڕاسپێردران کە پێویستە بەپەلە پلان و نەخشەی نوێ بۆ پاک ڕاگرتنی شار دابڕێژن و هەنگاوی کرداری بنێن و پێویستە بە زووترین کات ناونیشانی نامۆ و زمانی بیانیی دوکان، چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان بکرێنە زمانی کوردی، ئەم بڕیارەش سەرجەم مێنۆی خواردن و پسوولەکانی حیساباتی چێشتخانەکانیش دەگرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هاوڕای خۆی لەگەڵ بڕیارەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە پێشتر کاری باش لەسەر ئەم سێکتەرانە کراوە، بەڵام پێویستە لەمەودوا کارەکان بە شێوازی دەستەجەمعی و بەردەوام بن و تووشی خامۆشی نەبنەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناوەندێکی گرنگی ئابووری، گەشتیاری و کولتووری، پێویستی بەوەیە بەردەوام بە پاکی و ڕێکوپێکی بمێنێتەوە. پاراستنی سیمای شارستانیی هەولێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، جوانی شار و پاراستنی ژینگە هەیە. بۆیە دەبێت فرۆشیاران ڕێکبخرێنەوە و قەیرانی هاتووچۆ کەم بکرێتەوە."

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر هەماهەنگیی توندی نێوان هێزەکانی ناوخۆ (پۆلیس و هاتووچۆ) و دەزگا خزمەتگوزارییەکان کرایەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە بە شێوازێکی سیستەماتیک، بەشداربووانیش سەرنج و پێشنیازەکانی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا خستە ڕوو.