Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاری هەرسین: پارتی و یەکێتی تەواو ئامادەن لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئاسایین و هەردوو شاندی دانوستانکار ئامادەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی 51ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەردانی مەڵبەندی یەکی ڕێکخستنی  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە شاری سلێمانی کرد.

ئاری هەرسین لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایەن ڕایگەیاند، "پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە دۆخێکی ئاساییدان، ئەگەر پەیوەندییەکان لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدا نەبووایە، ئێمە ئەمڕۆ لێرە نەدەبووین. ئێستا هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی تەواو ئامادەن بۆ ئەوەی جارێكی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشنەوە و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن."

بەرپرسی لقی چواری پارتی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هەردوو حیزب کردەوە و گوتی، "یەکێتی و پارتی ئامرازی سەرەکین بۆ خزمەتکردنی نیشتمان، بۆیە پێویستە بە ئەرکی مێژوویی خۆیان هەستن و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەرتەوازە بن."