Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى له‌ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ده‌كات

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی پەنجا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتی و جەماوەری ئەو حیزبە دەکات و تێیدا جەخت لەسەر یەکڕیزیی نیشتمانی و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

به‌ڕێز بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى

سه‌رۆكى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان

سڵاو و ڕێز..

له‌ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و ئەندامان و تەواوی جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. لەم یادەدا پێگەی مێژوویی و خه‌بات و تێکۆشانی خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال بەرز دەنرخێنین و به ڕێزه‌وه‌ یادى ده‌كه‌ینه‌وه‌‌.

یەکێتی كه‌ مێژوویه‌كى درێژى خه‌باتى له‌پێناو مافه‌كانى گه‌لى كوردستاندا هه‌یه‌ و له‌م ڕێگه‌یه‌دا به‌ هه‌زاران شه‌هیدى داوه‌، هەمیشە خاوەن پێگەیەکی گرنگ و کاریگەر بووە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا. لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە كه‌ زیاتر لە هه‌موو كاتێك بەرپرسیاریه‌تیی هاوبەش، تەبایی و کاری پێکەوەیی لەنێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکاندا پێویسته‌، تا پێکەوە بتوانین پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی گەلى كوردستان بکەین.

هیواخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و باڵادەستکردنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەپێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، سەقامگیری، گەشەپێدان و داهاتوویەکی باشتر و شایستە بۆ گەلی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/6/1