Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگای هەولێر سەرکەوتنی پلانی جەژنی قوربان ڕادەگەیەنێت و ئامارەکان بڵاودەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- نوسینگەی پارێزگاری هەولێر، سەرکەوتنی تەواوی پلانی ئەمنی، خزمەتگوزاری و تەندروستی بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز ڕاگەیاند، کە تێیدا لە چوارچێوەی پلانەکەدا پێشوازی لە پتر لە ۱۱۲ هەزار گەشتیار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆتایی پارێزگای هەولێر، پلانەکە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پارێزگار و بە هەماهەنگی لە نێوان سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان بەبێ گیروگرفت جێبەجێ کراوە. ئاماری گشتی فەرمانگەکان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:

١. کەرتی ئەمنی و هاتوچۆ (پۆلیس، ئاسایش و هاتوچۆ)

ئامادەباشی پۆلیس: لە کۆی هەر چوار ڕۆژەکەدا، ۱۱۳ ئەفسەر و ١٥٣٢ کارمەندی پۆلیس لە ئەرکدا بوون. لەو ماوەیەدا ٣ تاوانی کوشتن، چەند حاڵەتێکی شەڕ و چوار حاڵەتی دزیکردن تۆمار کراون.

ئاسایشی هەولێر: تەواوی هێزەکانی ئاسایش بەپێی پلانەکە بڵاوەیان پێکرا و بەبێ هیچ گرفتێکی ئەمنی ڕۆژانی جەژن بەڕێوەچوو.

هاتوچۆ: بەهۆی پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکان، چوار ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان دا کە بەهۆیانەوە تەنیا (١) کەس بریندار بوو.

٢. کەرتی گەشتوگوزار

شاری هەولێر پێشوازی لە ١١٢,٦٥٧ (سەدو دوازدە هەزار و شەشسەد و پەنجا و حەوت) گەشتیار کردووە کە لە دەروازە جیاوازەکانەوە سەردانی پایتەخت و ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە.

لیژنەی تایبەت لە بازگەکان جێگیرکرابوون بۆ پێشکەشکردنی ڕێنمایی و هاوکاریی پێویست بە گەشتیاران.

٣. بەرگریی شارستانی (ئاگرکوژێنەوە)

تیمەکانی بەرگری شارستانی پێنج حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان، دوو ئاگرکەوتنەوەی ئۆتۆمبێل، سێ لە دوکان و چێشتخانەکان، و ٥١ حاڵەتی سوتانی پوش و پاوان کۆنترۆڵ کردووە، کە خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیان لێ نەکەوتووەتەوە.

٤. کەرتی تەندروستی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاماری خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی لە ڕۆژانی (٢٦ تا ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦) بەم شێوەیە ڕاگەیاند:

سەردانیکەرانی فریاکەوتن: ٣,٠٠٤ هاووڵاتی سەردانی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا و ڕزگارییان کردووە.

ڕووداوەکان: ٢١٦ ڕووداوی جۆراوجۆر تۆمارکراون (١٣٧ ڕووداوی هاتوچۆ و ماتۆڕسکیل، ١٣٤ بەربوونەوە، ١١ گەستنی سەگ).

تەندروستی گشتی: ٧٠ حاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە، ١٧ پێوەدانی مار و دووپشک، و ٣٥ ژەهراویبوون بە خۆراک چارەسەرکراون.

کەرتی نەشتەرگەری و بانک خوێن: ١٩٥ نەشتەرگەری ئەنجامدراون و ٥٨٤ بوتڵ خوێن بۆ نەخۆشخانەکان دابینکراوە.

لەدایکبوون: لە ڕۆژانی جەژندا ٢٢٧ منداڵ لەدایکبوون (٩٧ بە سروشتی و ١٣٢ بە نەشتەرگەری).

پەیامی سوپاسگوزاری پارێزگاری هەولێر:

"دەستخۆشی لە سەرجەم یەکە کارگێڕی، ئەمنی، تەندروستی و تیمەکانی شارەوانی و ژینگەپارێزان دەکەین کە لە پشووی جەژندا لە ئەرکدا بوون. هاوشاریانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و سەر و ماڵیان."

 

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر 

٣١ی ئایاری ٢٠٢٦