ھەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی حزبی و حکوومی، لە ڕێورەسمێکی شایستەدا لە هەولێر پەردە لەسەر تابلۆی ناوی شەقامێکی سەرەکی بە ناوی تێکۆشەر و سەرکردەی کۆچکردوو (مامۆستا حەبیب محەممەد کەریم) لادرا.
وەک وەفادارییەک بۆ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی تێکۆشەرانی گەلی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٣٠-٥-٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی "سەرۆک مەسعود بارزانی" و فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەزیری شارەوانی، پارێزگاری ھەولێر، بەرپرسی لقی ٢ و بەرپرسی لقی ١٦ و ئاراس حەبیب محەمەد کەریم کوڕی خوالێخۆشبوو و خانەوادەو کەسوکاری سیاسەتوان مامۆستا حەبیب محەمەد کەریم و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی دیکەی حزبی و حکوومی، کەسایەتییەکانی کوردانی فەیلی، لە ڕێورەسمێکی شایستەدا پەردە لەسەر تابلۆی شەقامێکی سەرەکی بە ناوی سەرکردە و تێکۆشەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان مامۆستا (حەبیب محەممەد کەریم) لادرا .
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری ھەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد تێدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گردبوونەوەیە بە شانازیەوە لە بڕی وەفاو ئەمەکداریە بۆ سیاسەتوان و تیکۆشەرێکی مەزنی وەک مامۆستا حەبیب محەممەد کەریم، کە ھەموو ژیانی بۆ خزمەتی مافی ڕەوای گەلێکی ستەم دیدەی وەک گەلی کوردستان تەرخان کرد.
پارێزگاری ھەولێر، تیشکی خستەسەر خەبات و ویستگە سیاسی و پارتایەتی و رۆشنفکریەکانی مامۆستا حەبیب محەممەد کەریم و وەکو کەسایەتیەکی متمانە پێکراوی بارزانی نەمر وەسفی کرد، کە لە چەندین وێستگەی خەباتی کوردایەتی ڕۆڵی پێشەنگایەتی بینیووە. پارێزگاری ھەولێر، دووپاتیکردەوە کەوا ناونانی ئەم شەقامە ستراتیژیانە بەناوی پۆلێک کوردپەروەر، بەواتای چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوویی ھەولێری پایتەختە.
پارێزگار ئەوەشی ڕاگەیاند، کە مێژوو ئەو زوڵم و ستەمانەی دەرھەق بە کوردانی ڕەسەنی فەیلی ئەنجامدراون تۆمار کردووە، کە سەبارەت بە شوناسی کوردبوونیان ئاوارەو ئەنفال و بێ سەرو شوێن کراون. هاوکات مامۆستا حەبیب محەممەد کەریم ھاوشانی تێکۆشەرانی دیکەی گەلەکەمان ھەموو تەمەنی خۆیان بەخشییە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، بۆیە ھێشتنەوەی ناویان لەسەر شەقامە ستراتیژیەکانی ھەولێر، پەیامێکە بۆ نەوەکانی داھاتوو کە پایتەختی ھەرێمی کوردستان ھەرگیز خەبات و تێکۆشانی ڕابردووی قارەمانەکانی خۆی لەبیر ناکات.
