ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی ھەموو ھەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی ھەرێمی کوردستان لە پرسەکانی پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ھاوکات گەشبینی قووڵی خۆیشی نیشاندا بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٦، مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی زۆر ڕوونە کە تیایدا داوای نزیکبوونەوەی لایەنەکان و چارەکردنی کێشەکان دەکات."
ئاماژەی بەوەش کرد، شاندی پارتی سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کردووە و ئێستاش دەرگای ئێمە بە رووی ھەموو لایەنەکاندا کراوەیە. جەختی لەوەش کردەوە، کە حزبەکەی بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسییە.
وتەبێژی پارتی روونی کردەوە: "ئامانجی سەرەکی ئێمە شکاندنی ئەو بەستەڵەکەیە کە دروست بووە، بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەم چەقبەستووییە بھێنین کە لە پرسی پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا ھاتووەتە ئاراوە. ھەموو ھەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەکان دەخەینەگەڕ."
لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنە کوردستانییەکان، مەحموود محەمەد پشتیوانی حزبەکەی بۆ ھەر دەستپێشخەرییەک دەربڕی کە خزمەت بە یەکڕیزی بکات و گوتی: "ئێمە پشتگیریی لە دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەین و پشتیوانی ھەموو ئەو لایەنە سیاسییانە بووین کە ھەوڵەکانیان بۆ تێکشکاندنی ئەم بەستەڵەکە خستووەتەگەڕ."
سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، گوتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان پێکەوە کردووەو لەسەر چەند پرسێکی دیاریکراویش گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی ھاوبەش.
لە تەوەری تایبەت بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، مەحموود محەمەد گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە، دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو حکوومەت بەرەو قۆناغێکی باشتر دەچێت."
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لە بەرپرسیارێتیی بەغدا کردەوە و گوتی: "پێویستە حکوومەتی فیدراڵی بێتە سەر ھێڵ بۆ چارەکردنی کێشەکان و بەڵێنیان داوە.