Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێگەوبانی هەولێر بۆ KDP.info: کارگەی ڕیسایکلینی قیڕ تێچووی کەمکردۆتەوە و ژینگە دەپارێزێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی هەولێر دەڵێت، کارگەی ڕیسایکلینی قیڕ وەک یەکەم پڕۆژەی هاوچەرخ لەسەر ئاستی ناوچەکە بە سەرکەوتوویی بەردەوامە و لە کاتژمێرێکدا نزیکەی ١٧٠ تۆن قیڕ بەرهەمدەهێنێتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە پڕۆژەکە تێچووی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی کەم کردووەتەوە، ژینگەی پایتەخت لە گازە ژەهراوییەکان دەپارێزێت و دەیان هەلی کاریشی بۆ گەنجان ڕەخساندووە.

عیماز محەمەدئەمین سلێمان، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''کارگەی ڕیسایکلینی قیڕ بە ستانداردی جیهانی بەردەوامە لە نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی پڕۆژەکان. ئەم کارگەیە چەوی شکاوی ڕێگەکان، ماددەی خاو، و قیری قەشتکراو و هەڵکەندراوی شەقامە کۆنەکان بە تەکنیکی زانستیی ڕیسایکلین دووبارە بەکاردەهێنێتەوە بۆ پڕۆژە و شەقامە نوێیەکان. ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناغی کارکردن و هەڵسەنگاندنی بەردەوامدایە و بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی ١٦٠ تا ١٧٠ تۆن تێکەڵەی قیڕ بەرهەمدەهێنێتەوە.

تیشکی خستە سەر سوودە ژینگەییەکانی ئەم پڕۆژەیەش و گوتیشی، ''جگە لەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی قیڕ کەمتر دەبێتەوە، ئەم پڕۆژەیە ژینگە لە گازە کیمیایی و ژەهراوییەکانی تێکەڵەی قیڕ دەپارێزێت کە دەبنە هۆی پیسکردنی ژینگە. هەروەها دەبێتە هۆی پاراستنی کانگاکانی کەرەستە خاوەکان، ڕێڕەوی ئاو، ڕووبار و ناوچە شاخاوییەکان لە تێکچوون. تا ئێستاش چەندان ڕێگە و شەقامی جۆراوجۆری شاری هەولێر لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا نۆژەن کراونەتەوە، لەوانە ڕێگەی کۆنی هەولێر ـ کەرکووک، سیانەکردنی ڕێگەکانی دەوروبەری هەولێر و چەندان پڕۆژەی تر.

پەیوەست بە پرسی ڕەخساندنی هەلی کار، لە کۆتاییدا عیماد محەمەدئەمین ڕایگەیاند، ''پڕۆژەی ڕیسایکڵکردنی قیڕ بووەتە هۆی زیادکردنی هەلی کار بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە تایبەتی لە بواری کارگێڕی، تەکنیکی، ئیشپێکەرانی کارگە، شۆفێرانی ئامێر و ئالیات، کارمەندانی تاقیگە و تیمەکانی جێبەجێکردنی نۆژەنکردنەوەی ڕێگە و شەقامەکان.

 

ئەژین غەفار