ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سەردانەکانی ئەم دواییەی ڕێزداران سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا، کێشە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولای بەرەو چارەسەر بردووە و متمانە و ئارامیی تەواوی بۆ کەرتی بازرگانی و بازاڕ گەڕاندووەتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە بەغدا و هەرێم یەک پاکێجی ئابوورین و دوای ئەم لێکتێگەیشتنانە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ئاساییبوونەوەی جووڵەی بازرگانی هەیە.
سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "سەقامگیری، هۆکاری سەرەکیی گەشەکردنی وەبەرهێنانە لە هەر بوارێکدا بێت. سەردانی ئەم دواییەی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕەوشی هەرێم و پەیوەندییەکان هەیە. کەرتی بازرگانیش بەدەر نییە لە کاریگەریی ئەرێنیی ئەو دوو سەردانە، چونکە جۆرێک لە ئارامی بۆ بازرگانان و بازاڕ دروست دەکات، تا متمانە لای خەڵک پەیدا ببێتەوە و دەست بە کار و کەسابەتی خۆیان بکەنەوە.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی گوتیشی، ''لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی (ئەسیکۆدا) یان ئەو پێناسە گومرگییەی بەغدا ڕایگەیاندبوو، جۆرێک لە ناجێگیری لە جووڵەی بازرگانیدا دروست بوو، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت عێراق یەک پاکێجی ئابوورییە و لە ئیبراهیم خەلیلەوە تا فاو، پێویست ناکات لە نێوان پارێزگاکاندا گومرگ یان بازگە هەبێت. بۆیە کاتێک لێکتێگەیشتنی باڵا دروست دەبێت، کێشەکان بەرەو چارەسەر دەچن و جووڵەی بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوشی ئاسایی پێشووی خۆی.
سەروەر هاواری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ''کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ هێزە سیاسییە عێراقییەکان، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەموویان ئاسۆیەکی ڕوونن بۆ هەرێمی کوردستان. بە دڵنیاییەوە دوای سەردانی هەردوو بەڕێزان کاک نێچیرڤان بارزانی و کاک مەسروور بارزانی بۆ بەغدا، ڕەوشی ئابووری و بازرگانی بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
قائید میرۆ