Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ KDP.info: پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییە دەکەین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی مێژووییدا بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان، کە ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیھانی کرد، پەیامێکی گرنگیشی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ''پەیامم بۆ لایەن و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە، کە ھەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن. داوا دەکەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بە دڵسۆزی و ھەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بکەن و کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بھێنن.

پەیوەست بە پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان لایەنەکان، بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "ئێمە پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییە دەکەین، چونکە هەرێمی کوردستان چیتر بەرگەی ئەم چەقبەستوویی و لێکترازانە سیاسییە ناگرێت. کاتێکی زۆریش بەهەدەر درا، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە ئەگەر دەست بکرێت بە دیالۆگێکی نیشتمانیی جددی، ئەویش بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە کارنامە و پڕۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەش.

سکرتێری گشتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەشڵێت، ''لە ماوەی ڕابردوودا هێزە نیشتمانییەکان هەوڵی زۆریان بەم ئاراستەیە دا، لە نێویاندا ئێمە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی سیاسی نامەیەکی هاوبەشمان ئاراستەی سەرکردایەتیی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد، لەم ماوەیەشدا مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین هەوڵەکانی چڕ کردەوە، هه‌روه‌ها لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حزبی شیوعیی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، یاداشتێکی هاوبەشمان لەو بارەیەوە ئاراستە کردبوو.

بەڵێن عەبدوڵڵا هیوای خواست دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی ببێتە وەرچەرخانێک و گوتی، ''هیوادارم دەستپێشخەرییەکەی کاک مەسعوود بارزانی لە دوای جەژن ڕاستەوخۆ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچی زووشە پەرلەمان کارا بکرێت و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە سیاسییەی ئێستا ڕزگاری بێت.

 

قائد میرۆ