Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەنجان بۆ KDP.info: ئەرکی ئێمەیە کاروانی شۆڕشی گوڵان بەرەو ئایندەیەکی گەشتر بەرین

دهۆک-KDP.info- گەنجان و قوتابیانی دەڤەری بادینان لە پەنجایەمین ساڵیادی شۆڕشی ٢٦ـی گوڵاندا، لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی KDP.infoـەوە ڕایدەگەیەنن کە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینی شۆڕشی گوڵان پایە و داینەمۆی ئەو دەستکەوتە نیشتمانییانەیە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەدی هاتوون، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی لاوانی ئەمڕۆیە کە بە فیکر، زانست و داهێنان پارێزگاری لەو دەستکەوتە مێژووییانە بکەن و بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر بەرەو پێشتریان ببەن.

ئەحمەد سەعید، ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لەم بارەیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، ''ئەو پێگەیەی ئەمڕۆ گەلی کوردستان تێیدایەتی، بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو ئیرادە و خۆڕاگرییە مەزنەیە کە لە شۆڕشی گوڵاندا چێنرا. گەورەترین وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدانی ئەو کاروانە ئەوەیە کە ئێمەی لاوان نەک تەنیا پارێزگاری لەم دەستکەوتانە بکەین، بەڵکوو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پەروەردەی مۆدێرن و چەسپاندنی سەروەریی یاسا، بەرەو پێشەوەیان ببەین تا قەوارەی هەرێم لە بەرامبەر هەموو گوشارەکاندا پارێزراو بێت.

ئەحمەد سەعید گوتیشی، ''پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە کاری کردووە لە هەموو قۆناغەکاندا بۆ دروست کردنی وزەیەکی نوێ لە ناخی گەنجاندا و بە تایبەتیش ئەمڕۆ، ئەوەش لە ڕێگەی بەرپاکردنی شۆڕشی دیجیتاڵی و زمانەوانیی تەکنەلۆژیاوە دێت، ئەرکی لاوانیشە بەم چەکە سەردەمییانە پارێزگاری لە قەوارەکە بکەن و دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا زیاتر بەرەو پێش ببەن.

حسێن شنگالی، گەنجێکی شارەزای بواری میدیا و تەکنەلۆژیایە، تێڕوانینی خۆی خستە ڕوو و گوتی، ''ئەگەر شۆڕشی گوڵان سیمبولی خۆڕاگری و ڕەخسێنەری دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بێت، ئەوا ئەرکی مێژوویی ئێمەی گەنجانە ئەو خۆڕاگرییە بکەینە داهێنان بۆ پاراستن و پێشخستنی قەوارەکەمان. دەبێت لە ڕێگەی تەکنەلۆژیا، ئاسایشی دیجیتاڵی و پەرەپێدانی وزەی پاکەوە، دەستکەوتە بەدیهاتووەکان بپارێزین و بە گوتارێکی مۆدێرن خزمەتی ئایندەی کوردستان بکەین.

لەلایەکی دیکەوە، شکریە عەبدولمەجید‌، قوتابی لە زانکۆی دھۆک، گوتی، ''ئەو ئازادی، زانکۆ و ناوەندە زانستییانەی ئێستا لە سایەیدا دەژین، بەرهەمی ڕاستەوخۆی خۆڕاگریی شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینە. پێشتر ئەم دەستکەوتانە نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەرکەکە کەوتووەتە سەر شانی ئێمەی قوتابیان و گەنجان کە بە هەستیارییەکی زۆرەوە بە کیبۆرد و پێنووسەکانمان پارێزگاری لەم قەوارە سەرفرازە بکەین و کاروانەکە بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ئاراستە بکەین.

 

ڕاپۆرت: دڵگەش باعەدری