Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەخمووری بۆ KDP.info: پەیامەکەی سەرۆک بارزانی نەخشە ڕێگەی تێپەڕاندنی ئەم دۆخەیە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکی مێژووییدا بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان، کە ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیھانی کرد، پەیامێکی گرنگیشی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ''پەیامم بۆ لایەن و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە، کە ھەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن. داوا دەکەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بە دڵسۆزی و ھەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بکەن و کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بھێنن.

​لەسەر ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییە، غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (YNDK)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، کە تێیدا داوای لە ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرد بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل لەسەرووی ئامانجی بەرتەسک دابنێن، پەیامێکی یەکلاکەرەوە و لە کاتی خۆیدا بوو. ئێستا دۆخی سیاسیی ھەرێم جۆرێک لە لێکترازان و پەرشوبڵاوی پێوە دیارە، بۆیە پێویستمان بە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستان ھەیە و بێگومان سەرۆک بارزانی دەتوانێت ئەم ڕۆڵە مێژووییە ببینێت."

​مەخمووری ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک (YNDK) پشتیوانیی تەواوی ئەو دەستپێشخەرییە دەکەن و داوای لە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان کرد بە دەم داواکارییەکەوە بێن. گوتیشی، "پێویستە لە دوای جەژن کۆبوونەوەیەکی لوتکەی لایەنەکان ئەنجام بدرێت، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان و نوێکردنەوەی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بێت."

​لە کۆتاییدا، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، ھاوکاری و پشتیوانیکردن لەو پەیامەی بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند، "ھەر لایەنێک بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمانی مەبەست بێت، دەبێت پشتیوانی ئەم ئاراستەیە بێت. ئومێدەوارین لە دوای جەژن، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە لایەنە سیاسییەکان بکات، چونکە جەنابیان ھەمیشە فاکتەری سەرەکیی یەکڕیزی و خاڵی کۆکەرەوەی ھێزەکان بووە و لە ئێستاشدا ڕۆڵی کاریگەری بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان لە ھەموو کاتێک پێویستترە."

 

کرمانج گوانی