ھەولێر-KDP.info- یەکێک لە ئامانجە ھەرە گەورەکانی جەژن لە ئاینی ئیسلامدا، پتەوکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە لە ناو تاکی کۆمەڵگادا. جەژن واتە ئاشتبوونەوە و پاکبوونەوەی دڵ و دەروون، بۆیە گرنگە ھاووڵاتیانی کوردستان بە گشتی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ یەکتر بکەنەوە و ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیان بەرقەرار بکەن." ئەمە پەیامی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینییە کە تێیدا داوا لە لایەنە سیاسییەکانیش دەکات جەژن بکەنە دەرفەتی تەبایی و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
مەلا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لە ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، "ھیوادارین جەژنی قوربانی پیرۆز ببێتە مایەی خێر، خۆشی، ئاسوودەیی و بەختەوەری بۆ ھەموولایەک. یەکێک لە ئامانجە ھەرە گەورەکانی جەژن لە ئاینی ئیسلامدا، پتەوکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە لە ناو تاکی کۆمەڵگادا. جەژن واتە ئاشتبوونەوە و پاکبوونەوەی دڵ و دەروون، بۆیە گرنگە ھاووڵاتیانی کوردستان بە گشتی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ یەکتر بکەنەوە و ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیان بەرقەرار بکەن."
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ھەرێم و ئەرکی حزبەکان لەم قۆناغەدا، مەلا عەبدوڵڵا وەیسی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم جەژنە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی حزب و لایەنەکان تەنیا بە پەیامی پیرۆزبایی نەوەستن، بەڵکو ھەنگاوی کرداری بنێن بۆ ئەوەی کوردستان لەم دۆخە چەقبەستووە ڕزگار بکەن، پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم دروست بکرێت. خەڵکی کوردستان بە ئاواتێکی زۆرەوە چاوەڕوانی باشتربوونی بارودۆخەکەن."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و گوتی، "ئێمە خاوەنی قەوارەی خۆمانین و لەو ڕێگەیەوە تا ڕادەیەکی زۆر خزمەت بە دۆزی نەتەوەییمان کراوە، بەڵام ھەندێک جار گرفتی نێوان لایەنەکان خەلەل دروست دەکات. پێویستە حزبەکان بەرژەوەندیی گەل و دۆزە نەتەوەییەکەمان پێش بەرژەوەندیی حزبی بخەن و بۆ یەکتر بسازێن. ئێمە ھەمیشە لە یەکگرتوویدا سەرکەوتوو بووین و دەستکەوتی زۆرمان ھەبووە، بە پێچەوانەشەوە لە پەرتەوازەییدا زیانمان کردووە، بۆیە سەرکەوتنمان تەنیا لە یەکگرتندایە."
بڵند ئیبراھیم