Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگەکانی گوڵان لە یادی یۆبیلى زێڕینى شۆڕشی ٢٦ـی گوڵاندا بۆ KDP.info دەدوێن

هەولێر-KDP.info- لە یادە شکۆدار و سەربەرزەکەی پەنجا ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی ٢٦ـی گوڵاندا، پێشمەرگەکانی ئەو کاروانە تێکۆشەرە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدوێن. ئەوان لە نێوان دێڕی مێژوودا باسی ڕۆژانی سەختی ڕووبەڕووبوونەوە دەکەن و کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە ئەگەر ئێستا کوردستان لە کەناری ئارامیدایە و خاوەن ئاڵا و قەوارەی خۆیەتی، بەرهەمی ڕەنج و قوربانییەکانی شۆڕشی گوڵانە.

مستەفا گۆرۆنی، پێشمەرگەی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان، هاوکات فەرماندەی هێزەکانی خەبات-سۆران، لەم یادە پڕ دەستکەوتەدا ڕایگەیاند، ''شۆڕشی گوڵان بۆ من تەنیا بیرەوەرییەکی مێژوویی ڕووت نییە، بەڵکوو ڕێگەیەکە لە گیانفیدایی و خۆبەختکردن. ئەگەر ئێستا گەلی کوردستان لە کەناری ئارامییە، خاوەن قەوارە، دامەزراوە، هێزی پێشمەرگە و ئاڵای خۆیەتی، ئەوە بەرهەمی ئەو خەبات و فیداکارییە گەورانەیە کە شۆڕشی گوڵان دوای قۆناغێکی زۆر سەخت ئەنجامیدان.

گۆرۆنی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی جەنابی سەرۆک بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو لەو ساتە دژوارەدا و گوتی، ''دوای نسکۆ زۆر کەس وایاندەزانی خەباتی پێشمەرگە کۆتایی هاتووە، بەڵام سەرۆک مەسعوود بارزانی و شەهید ئیدریس بارزانی ڕۆڵێکی ڕیشەیییان هەبوو لە پاراستنی ڕۆحی خەبات و ڕێکخستنەوەی هێزەکاندا. شەهید ئیدریس بە هەوڵێکی بەردەوام توانی ڕیزەکانی پێشمەرگە یەکبخاتەوە و پەیوەندییە سیاسی و مەیدانییەکان نوێ بکاتەوە، لە هەمان کاتدا، جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و ئامادەبوونی بەردەوامی لە ناو شاخ و مەیدانی خەباتدا، هیوای گەڕاندەوە بۆ دڵی پێشمەرگەکان و جەختی دەکردەوە کە کاروانی ئازادی نابێت بوەستێت. لە مێژوودا ناوی ئەم دوو سەرکردەیە هەمیشە وەک هێمای ئیرادە و مانەوە دەمێنێتەوە.

هاوكات، پێشمەرگەیەکی تری شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵان، هەڵگورد خدر گەردی، لەبارەی سەروبەندی دەستپێکی شۆڕشی گوڵانەوە دوا و گوتی، ''دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێککەوتننامەی ژێربەژێری جەزائیر، کوردستان ڕووبەڕووی سەختی، ڕاگواستنی زۆرەملێ و کاولکردنی گوندەکان بووەوە. بەڵام بە فەرمانی سەرکردەی نەمر، مەلا مستەفا بارزانی و ڕاسپاردنی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و کاک ئیدریس، پێشمەرگە و فەرماندەکان ڕێکخرانەوە بۆ لەدایکبوونی شۆڕشی گوڵان. ئەم شۆڕشە زۆر زوو پەرەی سەند، سەرتاسەری خاکی کوردستانی گرتەوە، بازگەکانی بەعس بڵاوەیان پێ کرا و دەنگی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش دەنگی دایەوە.

ئەحمەد ئیبراهیم مستەفا، ناسراو بە (ئەحمەد خەلانی)، پێشمەرگە و خەباتگێڕی شۆڕشی گوڵان، لەم بارەیەوە گوتی، ''جەنابی سەرۆک بارزانی و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە دۆخێکی ناهەموار و ئاڵۆزدا، بە لێهاتوویی خۆیانەوە سەرپەرشتیی هەستانەوەی شۆڕشیان کرد و تێیدا سەرکەوتووبوون. ئێمەش لە ڕێگەی فەرماندەکانەوە کە پەیوەندییان بە سەرکردایەتییەوە هەبوو، فەرمانەکانمان پێدەگەیشت.

خەلانی ئاماژەی بە ڕۆڵی بێوێنەی جەماوەر کرد و گوتی، ''خەڵکی بەئەمەکی کوردستان بەدەم شۆڕشەوە هاتن و وەک ڕۆڵەی خۆیان ئاگاداری ئێمە بوون. تەنانەت لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی شۆڕشدا، ڕژێمی بەعس ٢٠٠ خێزانی لە سنووری باڵەکایەتی بە بیانووی ئەوەی کەسوکاری پێشمەرگەن دەستبەسەر کرد و ڕەوانەی باشووری عێراقی کردن، بەڵام دڵسۆزیی خەڵک بۆ خاکەکەیان بەو چەوسانەوەیە نەبەزی.

لە کۆتایی لە لێدوانەکەیاندا و لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەم پێشمەرگەنە پەیامی پیرۆزبایی خۆیان ئاراستە کرد و ڕایانگەیاند، ''لە ٥٠ـەمین ساڵیادە شکۆدارەکەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، هەزاران سڵاو بۆ ڕۆحی بێگەردی بارزانیی نەمر و ئیدریسی هەمیشە زیندوو دەنێرین، وەفا و ڕێز بۆ شەهیدان و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەین.

 

ڕاپۆرت: ئەژین غەفار