هەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکی مێژووییدا بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان، کە ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهانی کرد، پەیامێکی گرنگیشی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ''پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە، کە هەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن. داوا دەكەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بهێنن.
لەسەر ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییە، ئەبوو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) پشتیوانیی خۆی ڕاگەیاند و گوتی، ''ئێمە لە کاتێکدا سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ هەر دەستپێشخەرییەک دەردەبڕین کە خزمەت بە دۆزی ڕەوایی گەلەکەمان بکات، هاوکات ڕوانگەی نەگۆڕی خۆمان لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە دووپات دەکەینەوە، کە یەکڕیزیی نیشتمانی وەک زەروورەتێکی مێژوویی گرنگ دەبینین و پێمانوایە ستراتیژێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان.
ئەبوو کاروان ئاماژەی بەوەش کرد، بەتایبەت لەم هەلومەرجە ناسک و ئاڵۆزەی کە ناوچەکە و نیشتمانەکەمانی پێدا تێپەڕ دەبێت، گەلی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە یەکگرتوویی و هاودەنگییەکی ڕاستەقینە هەیە. مەترسییەکان و گۆڕانکارییە خێراکان وا دەخوازن کە هێزە نیشتمانییەکان ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن، چونکە تاکە گەرەنتی بۆ مانەوە و پاراستنی قەوارەی سیاسی و نەتەوەییمان، کۆدەنگی و یەکڕیزییەکی پۆڵایینە لەبەرامبەر هەر پێشهاتێکی نەخوازراودا.
سکرتێری حزبی شیوعی لە درێژەی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە، ''ئەم هەوڵە بە بەشێک لەو وزە ئەرێنییە دەبینین کە دەکرێت ببێتە هەوێنی کۆکەرەوەی هێزە نیشتمانی و دیموکراتخوازەکان، بۆ بنیاتنانی هاوسەنگییەکی بەهێز کە بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی حزبیی تەسکەوە.
کرمانج گوانی