Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆلیسی هەولێر پلانی هەر چوار ڕۆژی جەژن لە ڕێگەی KDP.info دەخاتەڕوو

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە پلانێکی ئەمنیی تۆکمەیان داڕشتووە. داواش لە هاووڵاتییان دەكات، لە کاتی بوونی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو یان بینینی هەر حاڵەتێکی نایاسایی و نائاسایی، پۆلیسی هەولێر و دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بكەنەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر (عەمید کامل بەرزنجی)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و ڕەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ هاووڵاتییان و ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن، وەک بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر پلانێكی ئەمنیی تۆكمەمان داڕشتووە، كە لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا تەواوی ئەفسەران و كارمەندانمان لە سەرجەم بەش و هۆبەکان لە ئامادەباشی و ئەركی بەردەوامدا دەبن.

(عەمید کامل بەرزنجی) جەختیشی کردەوە، پلانەكەمان بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە هەر چوار ڕۆژی جەژندا بەردەوام دەبێت، بۆ سەرکەوتنی پلانەکەش، هەماهەنگییەکی تەواومان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە، بەتایبەتی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی، هێزەکانی زێرەڤانی و سەرجەم هێزە تەناهییەکانی دیکەی هەولێری پایتەخت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هەروەها داواشی لە هاووڵاتیان و گەشتیاران کرد، لە کاتی بوونی هەر ڕووداوێكی نەخوازراو، یان هەر کێشە و حاڵەتێکی نایاسایی و نائاسایی، بە زووترین كات هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان ئاگادار بكەنەوە.

بەرزنجی دەشڵێ، مەبەست و ئامانجی پلانە ئەمنییەکەمان، بۆ پاراستنی سەر و سامان و سەلامەتیی هاووڵاتیان و گەشتیاران و چەسپاندنی سەروەریی یاسایە، کە لە هەر چوار ڕۆژی جەژندا وێڕای ئەوەی هێزەکانمان لە ناوشار و شوێنە گشتییەکان بڵاو دەکرێنەوە، لە دەرەوەی شار و شوێنە گەشتیارییەکانیش هێزەکانمان لە ئەرک و ئامادەباشیی تەواودا دەبن، تا هاونیشتمانیان لە کەشێکی ئارام و لەبار و گونجاودا جەژنەکەیان پیرۆز بکەن و کاتێکی خۆش بەسەربەرن.

ئومێد بابان