Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: شۆڕشی گوڵان سەلماندی ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی گوڵاندا ڕایدەگەیەنێت، کە ئەو شۆڕشە نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی تێکشکاند، بەڵکوو ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستاندا کردەوە و سەلماندی کە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان، لە هەموو پیلان و گەلەکۆمەکێیەک بەهێزترە.

دەقی پەیامی مەسروور بارزانی لە یادی یۆبیلى زێڕینى شۆڕشی گوڵاندا:

لەساڵیادی په‌نجا ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی 26ی گوڵاندا، بە شکۆ و شانازییەکی زۆرەوە، یادی هەموو شەهیدە سەربەرزەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەر و خەباتکارانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە کە سەرەڕای دۆخی سەختی ئەو کاتەدا ، بە ورەیەکی بەرزەوە، دەستیان بە خەبات و تێکۆشان و بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان کردەوە.

شۆڕشی گوڵان، نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستانی تێکشکاند، بەڵکوو  ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی  خەڵکی کوردستاندا کردەوە و سەلماندی کە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان، لە هەموو پیلانێک بەهێزترە و سەرەنجام بە هۆی خۆڕاگری و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی گەلەکەماندا، ڕاپەرین و ئازادی وڵات  و چەندین دەستکەوتی دیکەی نیشتمانییمان بەدەست هێنا.

لە یادی پەنجا ساڵ و یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 

مەسروور بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان 

2026/5/26