Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لاوان بۆ KDP.info: وزە لە شۆڕشی گوڵان وەردەگرین و بە زانست خەبات دەکەین

هەولێر-KDP.info- عەسری نوێی خەباتی نەتەوەیی کورد، قەرزاری ئەو کڵپە و ته‌وژمە مێژووییەیە کە نیو سەدە لەمەوبەر ڕووداوەکانی گۆڕی. لە ٢٦ـی گوڵانی ١٩٧٦دا، ئاگری شۆڕشێکی پڕ لە شانازی دژی چەوسانەوە و ملهوڕییەکانی ڕژێمی بەعس هەڵگیرسا، کاروانێک کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕابەرایەتی کرا و بووە هەوێنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١. لەم یادە پڕ دەستکەوتەدا، گەنجان لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە وەفاداریی خۆیان بۆ ڕێباز و خەباتی پیرۆزی شۆڕشی گوڵان دووپات دەکەنەوە و بە دەنگێکی بڵند دەڵێن، ئەمڕۆ ئێمە لێرەین، چونکە دوێنێ ئەوان لەوێ بوون.

حەیاس هادل شێم حەمەد، گەنجێکی نیشتمانپەروەری دانیشتووی قەزای هەریرە، لەم یادە شکۆدارەدا، بە لێهاتووییەوە دەڵێت، ''پێش ئەوەی قەڵەم بە دیوی ڕووداوەکانی مێژوودا بخشێنم، وەک لاوێکی ئەم خاکە، دەست لەسەر سینگ دادەنێم و سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدە نەمرانە دەچەمێنمەوە کە بە بەخشینی خوێنی خۆیان، مانەوە و سەربەرزییان بە نەوەکانی داهاتوو بەخشی. کاتێک باسی شۆڕشی گوڵان دەکەین، تەنیا باسکردنی ڕووداوێکی سەربازیی ڕووت نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ خاڵێکی وەرچەرخانی ستراتیژی لە مێژووی نەتەوەییماندا.

حەیاس زێدەتر دەڵێت، ''ئەگەر ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری و دانپێدانراو لە ئاستی جیهاندا دەدرەوشێتەوە، بەرهەمی ئەو ئیرادە پۆڵایینەیە کە بۆ ماوەی دوو دەیە لە خەباتی بەردەوامی شۆڕشگێڕانی گوڵاندا گەشەی کرد. ئەم ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانییەی دەیبینین، میوەی پێگەیشتووی داری شۆڕشی گوڵانە. ئەرکی ئێمە وەک گەنجانی ئەم پارتە پێشەنگە، بەرزڕاگرتنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان، قووڵکردنەوەی ئینتیما و چاندنی تۆوی زانست و هۆشیارییە.

هاوکات، ساکینە ئیحسان، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دەڤەری سۆران، تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی شێوازی خەبات و دەڵێت، ''وەک گەنجێک، هەستی من لەم یادە مەزنەدا، ئاوێتەیەکە لە شانازیی قووڵ و بەرپرسیارێتیی مێژوویی. شانازی بەوەی کە نەوەی پێشەنگی ئێمە لە تاریکترین قۆناغی بێهیواییدا، ئومێدیان لەنێو خۆڵەمێشی شکستدا ڕواندەوە. پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئەرکێکی ئەخلاقیی ڕەهای سەر شانی ئێمەی گەنجە، چونکە ئەم ئازادییە بەخۆڕایی بەدەست نەهاتووە.

ساکینە دەشڵێت، ''ئەگەر دوێنێ شۆڕش بە چەک و لەسەر لووتکەی چیا سەرکەشەکان بووبێت، ئەمڕۆ مەیدانی خەبات گواستراوەتەوە بۆ ناوەندە دیپلۆماسییەکان و جیهانی دیجیتاڵی. ئێمەی لاوانی نەوەی نوێ، وزە لە شۆڕشی گوڵان وەردەگرین بۆ پەرەپێدانی زانست، تەکنەلۆجیا و گەشەپێدانی ئابووری. ئێمە بە هەمان ئیرادەی پێشەنگەکانمان، دەبینە قەڵغانی پۆڵایینی پاراستنی قەوارەی پیرۆزی هەرێمی کوردستان.

لە لایەکی دیکەوە، ئیلهام کەوکەز، قوتابی بەشی دەروونناسی لە زانکۆی سۆران، پەیامێکی قووڵ ئاڕاستە دەکات و دەڵێت، ''شۆڕشی گوڵان تەنیا لاپەڕەیەکی بێدەنگی مێژوو نییە لەناو کتێبەکاندا، بەڵکو گوزارشتە لە شوناسێکی زیندوو. کاتێک لە ئاوێنەی مێژوودا دەڕوانمە ئەو سەردەمە، هەست بە شانازییەکی گەورەتر دەکەم، بەتایبەت کاتێک دەبینم ئەندامانی بنەماڵەکەشم هاوسەنگەری نزیکی ڕابەری نەتەوەیی، جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر بوون.

ئیلهام لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات، ''درێژەدان بە پەیامی شۆڕشی گوڵان لای من، بەوەیە کە چەکەکەم بگۆڕم بۆ پێنووس، زانست و داهێنانی ئەکادیمی. من لە پێگەی خۆمەوە، بەوە دەبمە هەڵگری ڕاستەقینەی پەیامی شۆڕش کە مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر، دڵسۆز و پارێزەری زمان و کلتووری کوردی بم. ئێمەی لاوانی کوردستان ئەمڕۆ لە سایەی شۆڕشی گوڵان، سەرکردایەتیی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی و قوربانیدانی بێبڕانەوەی پێشمەرگە قارەمانەکاندا بە سەربەرزی و ئازادی دەژین، بۆیە کڕنۆشی ڕێز بۆ ئیرادەی پۆڵایینی قارەمانانی گوڵان و ڕابەری مەزنمان، سەرۆک بارزانی دەبەم.

 

ئەژین غەفار