Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ لە یادی یۆبیلى زێڕینى شۆڕشی گوڵاندا بۆ KDP.info دەدوێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنج دەیە و ڕێک پەنجا ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی پێشەنگ و نیشتمانیی ٢٦ـی گوڵاندا تێپەڕ دەبێت. شۆڕشێک کە لە ناخی نائومێدییەکی مەزنەوە، بووە کڵپە و گوڕی ڕاپەڕین و گەڕانەوەی شکۆ بۆ گەلی کوردستان. لەم یادە پڕشنگدارەدا، جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان ڕایدەگەیەنێت، کە تەنیا مانگێک لەدوای پیلانی چەپەڵی جەزائیر، پارتی توانی خۆی ڕێکبخاتەوە و تۆوی شۆڕشێکی نوێ بچێنێت.

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ، جێگری بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''ئێمە هەرچەندە باس لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بکەین، ناتوانین وەک پێویست وەسفی لێهاتوویی و گەورەیی ئەو کاروانە بکەین. کۆتایی شۆڕشی ئەیلوول بە پیلان و گەلەکۆمەکێیەکی نێودەوڵەتی بوو، کە تێیدا ڕێککەوتننامەی خیانەتکارانەی جەزائیر بۆ کپکردنی دەنگی کورد واژۆ کرا. کاتێک شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ بوو، دوژمنان وایانزانی کاروانی ئازادیی کورد بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەوان نەیانزانی کە شۆڕش لە ناو دڵی پێشمەرگە و ڕۆحی گەلی کوردستاندا زیندووە.

مەلا ڕەسووڵ زێدەتر گوتی، ''سەرکردایەتیی شۆڕش لە پێناو سەلامەتیی گیانی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێشتنەوەی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان، بە ناچاری ڕوویان لە وڵاتی ئێران کرد، بەڵام ئەمە تەنیا کشانەوەیەکی کاتی بوو بۆ بازدانێکی مێژوویی.

جێگری سەرۆکی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان تیشکی خستە سەر خێرایی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکان و گوتی، ''دوای پیلانە چەپەڵەکەی جەزائیر، پارتی بە ڕێبەرایەتیی باوکی ڕۆحیی نەتەوەکەمان، بارزانیی نەمر، کەووتە خۆئامادەکردن بۆ تێکشکاندنی خەونی ناحەزان. تەنیا مانگێک دوای کارەساتی جەزائیر و لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، دەست بە ئامادەکارییەکان کرا. ئەمە خاڵێکی یەکجار وەرچەرخێنەرە لە مێژوودا، سەرەڕای نەخۆشکەوتنی بارزانیی نەمر و ئەو هەموو نەیاری و نەهامەتییەی بەرۆکی شۆڕشگێڕانی گرتبوو، یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی بە سەرۆکایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە شاری نەغەدە بەڕێوەچوو، کە تێیدا بڕیاری مێژوویی بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش درا.

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ ڕوونی کردەوە، ''سەرۆک بارزانی و شەهید ئیدریس بارزانی، بە هاوکاری و ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی بارزانیی نەمر، توانیان گەلی کوردستان لە زۆنگاوی نائومێدی دەرباز بکەن. ئەوان لە ڕووی سەربازی، سیاسی و کارگێڕییەوە گوڕوتینیان بە بەر جەستەی نیشتماندا کردەوە و زۆری پێنەچوو مەفرەزە سەرەتاییەکانی پارتی پێیان نایە ناو خاکی باشووری کوردستان. یەکەم دەنگی تەقەی شۆڕش و یەکەم کاروان کە خاکی بەسەرکردەوە، پێشمەرگەکانی پارتی بوون، و یەکەم مەشخەڵی شەهادەتیش هەر بۆ پارتی بوو کە ئەویش شەهیدی سەرکردە، سەید عەبدوڵڵای حاجی ئۆمەرانی بوو.

مەلا ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە شۆڕشی ٢٦ـی گوڵان، تەواوکەری ڕاستەقینەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنە، چونکە بە هەمان لۆجیک و سەرکردایەتی بەڕێوەچوو. ئەو گوتی، ''لە سایەی شۆڕشی گوڵاندا، بەرەی کوردستانی هاتە بەرهەم. ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی دواتر دروست بوون، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و لە ڕێگەی کار و حیکمەتی کاک ئیدریسەوە، لە ژێر چەتری بەرەی کوردستانیدا کۆکرانەوە. دەرەنجامی ئەم یەکڕیزی و خەباتە بەردەوامەش، ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ـی لێ کەوتەوە کە لەسەر دەستی جەنابی سەرۆک بارزانی نەخشەی بۆ داڕێژرا.

لە کۆتایی لە لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جێگری بەرپرسی دەزگای ئەیلوول و گوڵان پێگەی هاوسەنگیی نێوان دوو سەرکردە مەزنەکەی کوردستانی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند، ''سەرۆک بارزانی و شەهید ئیدریس، لە ڕاستیدا یەک ڕۆح بوون لە دوو جەستەی جیاوازدا، بەو تەبایی و دڵسۆزییە بێوێنەیەوە توانیان قەوارە و پایەکانی پارتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەسەر بنەمایەکی پۆڵایین دابڕێژنەوە کە ئەمڕۆ لە یۆبیلی زێڕینیدا بە سەربەرزییەوە بەرهەمەکەی دەدوورینەوە.

 

قائید میرۆ