Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی لە یادی یۆبیلى زێڕینى شۆڕشی گوڵاندا: با ئەم یادە بکەینە هەوێنی تەبایی

هەولێر-KDP.info- بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەبۆنەی پەنجا ساڵەی (یۆبیلی زێڕین)ی هەڵگیرسانی شۆڕشی ٢٦ـی گوڵانەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای بەرزڕاگرتنی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان، جەختی لەسەر پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە.

​دەقی پەیامەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی:

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی یۆبیلى زێڕینى شۆڕشی گوڵاندا

لە یادى په‌نجا ساڵه‌ (یۆبیلى زێڕین)ى شۆڕشی 26ی گوڵاندا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمر و تەواوی ئەو پێشمەرگە و قارەمانانە دەکەینەوە کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا بوونە بڵێسەی داگیرسانەوەی چرای شۆڕش و ئومێدی ئازادییان لە دڵی گەلی کوردستاندا زیندوو کردەوە.

شۆڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە هیچ هێز و پیلانێک ناتوانێت ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ڕەتکردنەوە و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ستەم بشکێنێت. 

به‌رده‌وامیى شۆڕش و قوربانیدان، وێڕاى هه‌موو سه‌ختییه‌كان، به‌ سه‌ركردایه‌تیى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، ئیرادەی میللەتێکی خستەڕوو کە دواتر لە ڕاپەڕینی ئازاری 1991دا تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا و ئازادی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.

لەم یادەدا، ئەرکی نیشتمانیی هەموومانه‌ کە میراتی شەهیدان، دەستکەوتە دەستوورییەکان و فیدراڵی بپارێزین. با ئەم یادە بکەینە هەوێنی تەبایی و لێکگەیشتنى هەموو هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان، تا پێکەوە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، تێپەڕاندنی سەختی و ئاڵنگارییه‌کان بکەین و بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێین.

بەرز و پیرۆز بێت ساڵیا‌دی شۆڕشی گوڵان. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سڵاو لە خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان و له‌ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.

 

نێچیرڤان بارزانی

26ی گوڵانی 2026