Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لقی ٢٦ـی گوڵان یادی نیو سەدەی شۆڕشی گوڵانی بەرز ڕاگرت

​حاجی ئۆمەران-KDP.info- ​ئەمڕۆ دووشەممە، لە پێشوازیی یادی پەنجا ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا، لقی ٢٦ـی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنەی ناوچەی حاجی ئۆمەران، مەڕاسیمێکی شایستەی لە بناری چیای کۆدۆ و لەسەر مەزاری شەھید (سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی)، یەکەمین شەھیدی ئەو شۆڕشە پیرۆزە ڕێکخست.

​مەڕاسیمەکە بە ئامادەبوونی (شوان محەممەد تەھا)، بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان، کارگێڕانی لق، بەرپرسانی حزبی و حکوومی، کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە، کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ژمارەیەک لە پێشمەرگە دێرینەکانی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەڕێوەچوو.

​لە مەڕاسیمەکەدا، بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند، "گرنگی و زەروورەتی مێژوویی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان لەو قۆناغە سەختەدا، نەک تەنھا وەڵامێکی توند و شۆڕشگێڕانە بوو دژ بە پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو سەلماندی کە ئیرادەی گەلی کورد بۆ ئازادی ھەرگیز ناشکێت. گوتیشی، "ئەم شۆڕشە پیرۆزە، درێژەپێدەری ڕاستەقینە و قوتابخانەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو لەژێر سەرکردایەتی جەنابی بارزانیی نەمردا. ئێمە ئەمڕۆ پەیمانی وەفاداری نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین کە وەک پێشمەرگەیەک لەژێر سەرکردایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، پارێزەر و فیداکاری پاراستنی سەرجەم ئەو دەستکەوتە نەتەوەییانە بین کە بە خوێنی پاکی ھەزاران شەھید ھاتوونەتە بەرھەم.

​دواتر بەڕێز (ئەحمەد بارزان عەلیکۆ)، قایمقامی قەزای چۆمان، بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی یەکەمین شەھیدی شۆڕشی گوڵان، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی لقی ٢٦ـی گوڵان و لیژنەی ناوچەی حاجی ئۆمەران کرد کە ساڵانە بە شێوازێکی شایستە شەرەفی ڕێکخستنی ئەم یادە مێژووییە لەئەستۆ دەگرن.

​مەڕاسیمەکە بە دانانی تاجی گوڵینەی ڕێز و وەفاداری لەلایەن بەرپرسی لق و ئامادەبووانەوە لەسەر مەزاری پاکی شەھید (سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی) کۆتایی پێھات.