Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لقی ٢١ـی پارتی کۆڕێکی بە بۆنەی ٥٠ ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان ڕێکخست

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی یادی نیو سەدە (٥٠ ساڵە)ی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، لقی ٢١ـی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆڕێکی فراوانی بۆ (فازڵ ڕەئووف)، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ھەڵگری مەدالیای بارزانی و ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی ڕێکخست.

​کۆڕەکە لە ھۆڵی بۆنەکانی لق بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی (شێخ ستار عەواڵانی) بەرپرسی لق، ھەڤاڵانی مەکتەبی ڕێکخستن، کارگێڕانی لق، بەرپرسی بەش و لیژنە ناوچەکانی سنوورەکە، فەرماندەی بەتالیۆنی چواری زێرەڤانی، کەسایەتییەکانی دەڤەرەکە، پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان.

​لە سەرەتای کۆڕەکەدا، بەرپرسی لقی ٢١ لە گوتەیەکدا تیشکی خستەسەر گرنگیی مێژوویی شۆڕشی گوڵان و ڕایگەیاند، "دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی گەلی کوردستان، بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی شۆڕشەکانی ئەیلوول و گوڵانن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڕێز فازڵ ڕەئوف وەک تێکۆشەرێکی دێرین و شایەدی ناو ڕووداوەکان، یەکێکە لە کەسایەتییە شارەزاکان بۆ گێڕانەوەی ئەو مێژووە پڕ سەروەرییە.

​دواتر، بەڕێز فازڵ ڕەئوف بە وردی باسی لە قۆناغەکانی شۆڕشی ئەیلوول کرد و ڕایگەیاند، "شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەر و تەواوکەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. ئەم دەستکەوتانەی ئێستا بەرھەمی خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکانە بە ڕابەرایەتیی سەرکردایەتییەکی حەکیم، بە ڕێنمایی بارزانیی نەمر، کاکە ئدریسی ھەمیشە زیندوو و سەرۆک مەسعود بارزانی. ناوبراو قۆناغ بە قۆناغ تیشکی خستەسەر پێکھێنانی سەرکردایەتیی کاتی، چالاکییە سەربازی و سیاسییەکانی شۆڕشی گوڵان و بەستنی کۆنگرەکان تا دەگاتە قۆناغی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١.

​لە کۆتایی کۆڕەکەدا، لەلایەن بەرپرسی لقی ٢١ـەوە، چەپکەگوڵی ڕێز و پیرۆزبایی لقی ٢١ پێشکەش بە کۆڕگێڕ کرا و پێزانین بۆ مێژووی پڕ خەباتی دەربڕدرا.