Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

٥٠ ساڵەی شۆڕشی گوڵان حەماسەتی ھەستانەوە و نەبەزین

زاگرۆس فەتاح

​پەنجا ساڵ بەسەر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵاندا تێپەڕ دەبێت، ئەو شۆڕشە مەزنەی کە تەنھا ڕووداوێکی مێژوویی نەبوو، بەڵکو ستراتیژیترین وەرچەرخانی سیاسی و سەربازی بوو بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان. گوڵان سەلماندی کە ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی، بە پیلانگێڕی و ھاوکێشە چەوتە نێودەوڵەتییەکان دانەمرکێتەوە.

​شۆڕشی گوڵان لە بارودۆخێکی یەکجار سەخت، تاریک و ناھەمواردا لەدایکبوو. لەو سەردەمەی کە نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان پێیان وابوو بە ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ و بەکارھێنانی چەکی خیانەت، دۆزی ڕەوای کوردیان بۆ ھەمیشە کۆتایی پێھێناوە و ئاگری شۆڕشی ئەیلوولی مەزنیان خامۆش کردووە. لەناو ئەو بێئومێدییە گشتییەدا، بازنەیەکی تێکۆشەر لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕێنمایی باوکی ڕۆحیی نەتەوەمان، بارزانیی نەمر، و بە ڕێبەرایەتیی مەیدانیی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەندازیاری تەبایی و ئاشتی، کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد، تەحەدایەکی گەورەی مێژووییان کرد. ئەوان نەک ھەر تەسلیمی واقیعە تاڵەکە نەبوون، بەڵکو شۆڕشگێڕانیان لەناو خۆڵەمێشی نسکۆدا ڕێکخستەوە و مەشخەڵی بازدانی مێژووییان داگیرساندەوە.

​ئەم شۆڕشە، درێژەپێدەری ڕاستەقینەی فەلسەفە، دروشم و پڕەنسیپەکانی خەباتی بارزانیی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. گوڵان ھەڵگری ھەمان پەیامی بەرگری، خۆڕاگری و نیشتمانپەروەریی شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام بە دیدگایەکی نوێ، واقیعبینانە و بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھان لەو قۆناغە نوێیەدا. پارتی لە ڕێگەی شۆڕشی گوڵانەوە نیشانی دا کە ھێزێکی داینامیکی و زیندووە، لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا توانای خۆڕێکخستنەوە و نوێبوونەوەی ھەیە.

​ستراتیژیی پارتی و شۆڕشگێڕان ھەمیشە لەسەر بنەمای خەباتی سیاسی، مەدەنی و ئاشتیخوازانە داڕژاوە، دوور لە شەڕ و ماڵوێرانی، بەڵام ملھوڕیی ڕژێمی فاشیستی بەعس و غرووری سەرکەوتنی کاتیی لە پیلانی جەزائیردا، وایکردبوو کە ھیچ بڕوایەکی بە دیالۆگ و خەباتی مەدەنی نەبێت. لەو سۆنگەیەوە، پێشمەرگە قارەمانەکان ناچارانە دەستیان دایەوە چەک بۆ پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی. خەباتی چەکداریی دوورمەودای شۆڕشی گوڵان، ھاوسەنگیی ھێزی گۆڕی، فشاری خستەوە سەر بەعس و بە دونیای سەلماند کە ئیرادەی گەلی کورد بێ کۆتاییە. دواجار مێژوو حوکمی خۆی دا و ڕژێمی داگیرکەری بەعس بەو ھەموو ھێز و توانایەوە ڕووخا و چووە زبڵدانی مێژووەوە، بەڵام دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بە بەرزی مایەوە.

​ئەو دەستکەوتە سیاسی و یاساییانەی ئەمڕۆ لایەنە جیاوازەکانی گەلی کوردستان لە سایەیدا دەژین، بەرھەمی ڕاستەقینەی قوربانیدانی شۆڕشی گوڵان و خەباتی بێپسانەوەی پێشمەرگەیە. شۆڕشی گوڵان باجێکی قورسی لە خوێنی پاکی ھەزاران شەھید، ئەنفال، کیمیاباران و وێرانبوونی پێشکەش کرد. کەڵەکەبوونی ئەم خەباتە ڕەوایە بوو کە لە ڕاپەڕینی مەزنی ساڵی ١٩٩١دا گەیشتە ئامانج و بووە ھۆی ڕزگارکردنی خاکی باشووری کوردستان. دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووری، شەرعیترین بەرھەمی خوێنی شەھیدان و ماندووبوونی کادیر و پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵانە.

​پەیامی ئەمڕۆ، ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقیمان ​لەم قۆناغەدا، ئەرکی نەتەوەیی، نیشتمانی و ئەخلاقیی ھەمووانە، چ لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان و چ لەسەر ئاستی گشتی کە درێژەپێدەری ڕێبازی ئەو تێکۆشەرانە بین. ئەمڕۆ میکانیزمی خەبات گۆڕاوە و خەباتی ئێستا بریتییە لە

​پێشخستن و بەھێزکردنی دامەزراوە فەرمییەکانی ھەرێم و ​ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و نیشتمانی و​خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵک.

​ئەمەش دەقیقەن ئەو کارنامە ستراتیژییەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وێڕای ھەموو ئاستەنگ، قەیران و تەحەدییە گەورەکان، کاری بۆ دەکات و وەک بنەمایەکی نەگۆڕ پەیڕەوی دەکات.

​لە کاتێکدا سەری ڕێز و وەفا بۆ باوکی ڕۆحیی نەتەوەمان، بارزانیی نەمر، ڕێبەری خۆڕاگریمان سەرۆک مەسعود بارزانی، و سەرکردەی جوانەمەرگ کاک ئیدریس و تەواوی تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە دادەنەوێنین، دووبارە جەخت دەکەینەوە کە ڕێبازی پارتی، ڕێبازی مانەوە و سەرکەوتنی کوردستانە.

 

​پیرۆز بێت پەنجا ساڵەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز.

نەمری و سەربەرزی بۆ شەھیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ئازادیی و ڕزگاری کوردستان.