عەباس غەزالی میرخان
جێی شانازییە کە لە شوێنێکدا یادی کەسایەتییەک دەکەینەوە کە سەدەیەک بەر لە ئێستا خەڵکەکەی بە جیاوازی پێشوازییان لە ھزر و کارەکانی کرد و ئەمڕۆش بە بەرزی یادی دەکەنەوە. ھەروەھا ناوچەی سۆران ئەو شانازییەی ھەیە کە ئەوکات بووە شوێنی یەکەمین چاپخانەی کەرتی تایبەت لە باشووری کوردستان. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەکەی ئەوکات توانای ئەوەی ھەبووە کە ئەو کاروبارانە ھەڵبگرێت.
مامۆستا «سەید حوسێن حوزنی موکریانی»، وەک مێژوونووس، شاعیر و ئەدیب، ھونەرمەند، ڕۆژنامەوان و پیشەگەری چاپ، چەندین کاری گرینگی کردوون کە لە دیدگەیەکدا جێی وەبیرھێنانەوەیە.
مامۆستا «حوزنی» لەو سەردەمەدا وەک گەڕیدەیەکی وڵاتان، بەپێی شارەزایی لە گۆڕانکارییە نوێیەکانی ڕۆژئاوا و ئەو ڕەوتە فەرھەنگی و سیاسییەی کە لەوێدا سەری ھەڵدا و کاریگەری لەسەر ناوچەکە دانابوو، بە ڕەچاوکردنی دۆخی فەرھەنگیی خۆماڵی، گواستییەوە کوردستان. جگە لە تۆمارکردنی مێژووی کورد، ڕەوتێکی ڕۆشنبیری لەو پارچەیەی کوردستاندا دەستپێکرد کە پێش جەنگی جیھانیی یەکەم کەوتبووە ژێر کەشی کەلتووریی عوسمانی. بەو کارەی یەکێتییەکی فەرھەنگی لەنێوان کورداندا ساز کرد. لە زەینی فەرھەنگیی ئەودا کوردستان سنووری ناوخۆیی نیە و لە ھەر پارچەیەکدا کە بۆی کرابا دەبووە دەنگی ناسنامەی نەتەوەکەی. ھەروەھا بە بەرھەمەکانییەوە وێنەیەکی شوناسی ڕەسەنی کوردی بە کوردناسانی بیانی پێشان دەدایەوە.
جگە لە کاری ڕۆشنگەری، بە پیشەسازیی چاپ و فۆتۆگراف دوو کاری بناغەیی کردوون کە بوونە ھۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی. ئەو یەکەمین کەس بوو کە ژێرخانی چاپی بە شێوەیەکی تایبەت لە باشووری کوردستان دانا. کاریگەریی ئەو کارەی ئەوە بوو کە مەیدانێکی بەرینی بۆ زانست و خوێندن کردەوە، پەرەی بە زمانی کوردی دا کە دەتوانرێ بۆ بناغەدانانی زمانی ستاندەر کەلکی لێوەربگیرێ، بووە سەنگەرێکی تر بۆ پاراستنی ناسنامەی کورد و ھەروەھا بووە ھۆی ئاگایی و وشیاربوونەوەی زیاتری لاوانی کورد.
ھەروەھا لە ڕێگەی کامێراوە، واتە بە زمانی وێنە، کە بە بەڵگەی مێژوویی دەژمێردرێن، خزمەتی بە تۆمارکردنی ڕووداوە مێژووییەکان کرد و وێنەی ناودارانی کوردی بۆ نەوەی داھاتوو گواستەوە و دیمەنی کەلتووری ڕەسەنی کۆمەڵگەشی پاراست. ھاوتەریبی ئەو ئامانجانە، ڕۆژنامەگەریی وێنەیی لە ناو کورددا داھێنا کە کاریگەرییەی ھەستپێکراوی لەسەر جڤاکەکەی ھەبوو.
ئەگەرچی لە ھەرێمی کوردستاندا بە بەرزی یادی دەکرێتەوە، پەیکەرەی بۆ دانراوە، بەرھەمەکانیشی چاپ کراونەتەوە و ھەروەھا ھزر و بیری ئەو لە چوارچێوەی دەزگای زاری کرمانجیدا بەردەوامە، بەڵام گرینگە بە مەبەستی بەرھەمھێنان و کاریگەریی زیاتر چەند کارێکی تریش بکرێن؛ بۆ نموونە:
١. پێشانگەی وێنەکانی «حوزنی» و گیوی موکریانی بکرێتەوە و وێنەکانیان لە ئەرشیفێکی کراوەی ئەنتەرنێتیدا، بەردەست بکرێن.
٢. سەفەرنامەی حوزنی بکرێتە بەرھەمی سینەمایی و بە نەوەی تازە نیشان بدرێتەوە.
٣. فۆنتێکی پەرەپێدراوی کوردی، بە ناوی (فۆنتی حوزنی)، بە سوود وەرگرتن لە قەڵەمی ڕۆژنامەی کۆنی زاری کرمانجی دابھێنرێت.
٤. لە درێژەی کاری حوزنیدا دەزگای زاری کرمانجی خولی فێرکاری لە بواری مێدیای نوێی بیسەری بکاتەوە.
٥. بەپێی ھزری حوزنی ھەوڵ بدەین سنووری فەرھەنگی لە نێوان پارچەکاندا دروست نەبێت کە ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە سیاسەتی نەتەوەسازیی حکوومەتەوە ھەیە.