هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا لە ئامادەباشی تەواودا دەبن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و گەشتیاران. هاوکات داوا لە هاووڵاتیان دەکات لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتی، لە سەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا دووربکەونەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، "ئامادەکاریی تەواو بۆ هاتنی جەژنی قوربان کراوە و دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە ڕۆژانی جەژندا لە ئامادەباشیدا دەبن. لەڕووی ئەمنییەوە هەولێر بە تەواوی سەقامگیرە و هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە دەزگاکانی حکوومەت چاوکراوەتر دەبن بۆ پاراستنی گیان و سامانیان."
سەبارەت بە هاتنی گەشتیاران بۆ پایتەخت لە ڕۆژانی جەژندا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە پلانی پێشوازییەکرد و گوتی، "تیمی تایبەت بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران پێکهێنراوە. ساڵانە لە ڕێگەی بازگەکانەوە بە شیرینی و گوڵ پێشوازی لەو گەشتیارانە دەکرێت کە دێنە هەولێر. هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ هاتنیان دەکرێت و لە شوێنە گەشتیاری و گشتییەکانیشدا تیمەکانمان چاودێری دۆخەکە دەکەن."
لە تەوەرێکی تری لێدوانەکەیدا، ئومێد خۆشناو تیشکی خستە سەر پرۆسەی قوربانیکردن و ڕێکارە تەندروستییەکان و ڕایگەیاند، "ساڵانە خەڵکی ئێمە ژمارەیەکی زۆری قوربانی دەکەن لە ڕۆژانی جەژندا، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین بەپێی ڕێنماییە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان قوربانی بکەن. سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوازی ناتەندروست زیان بە هەموولایەک دەگەیەنێت و دیمەنێکی نەشیاو لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا دروست دەکات، بۆیە هیوادارین هەمووان ڕێنمایی دەزگا پەیوەندیدارەکان لە بەربچاو بگرن."
قائید میرۆ