Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەردە لەسەر تابلۆی ناوی شەقامەکانی عەلی عەبدوڵڵا و محەممەد مەلا قادر لادرا

ھەولێر-KDP.info- لە ھەولێر بەئامادەبوونی نوێنەری "سەرۆک بارزانی" پەردە لەسەر ناوی دوو شەقام بە ناوی دوو تێکۆشەری مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لادرا.

لە چوارچێوەی بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەک وەفادارییەک بۆ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٦.٥.٢٤، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی " سەرۆک مەسعود بارزانی " و فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەزیری شارەوانی، پارێزگاری ھەولێر، بەرپرسی لقی٢ و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی دیکەی حزبی و حکوومی، لە ڕێورەسمێکی شایستەدا پەردە لەسەر تابلۆی ناوی دوو شەقامی سەرەکی لادرا کە بە ناوی سەرکردە و تێکۆشەرانی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ( مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، مامۆستا محەمەد مەلا قادر) کراون.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری ھەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو پێزانین و ئەمەکداری خۆمان بۆ ئەو دوو تیکۆشەرە مەزنەی خەباتی گەلەکەمان دووپات بکەینەوە، ناونانی ئەم شەقامە ستراتیژیانە تەنھا کارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوویی ھەولێری پایتەختە."

ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، کە ھەولێری پایتەخت لەژێر سێبەری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، ھاوتەریب لەگەڵ گەشەی خێرای ئاوەدانی و ژێرخانی ئابووری، ڕێز لە خەباتی نەوەکانی ڕابردووش دەگرێت، وتیشی: "ئەم دوو تێکۆشەرە خوالێخۆشبووە تەمەنی خۆیان بەخشییە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، و ھێشتنەوەی ناویان لەسەر شاڕێگاکانی ھەولێر، پەیامێکە بۆ نەوەکانی داھاتوو کە پایتەختی ھەرێمی کوردستان ھەرگیز ڕابردوو و قارەمانەکانی خۆی لەیاد ناکات."

جێگەی باسە، ئەم ھەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی گشتگیر و ستراتیژی پارێزگای ھەولێر و وەزارەتی شارەوانی دێت بۆ ڕێکخستنەوەی نەخشەی شار و ئاسانکاری ھاتووچۆ، ئەو دوو شەقامە نوێیەی کە ناونراون، شادەماری سەرەکی بەستنەوەی چەندین گەڕەک و ناوچەی گرنگی پایتەختن، کە ھەم کێشەی قەرەباڵغی کەمدەکەنەوە و ھەمیش دیمەنێکی شارستانی و مۆدێرن بە شارەکە دەبەخشن.