Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەمیس خەنجەر: دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم هێزە سیاسییەکانە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان

هەولێر-KDP.info- دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خەمیس خەنجەر بە رۆژنامەنووسانی گوت، کۆبوونەوەکانی ئێستا لە کاتێکی زۆر هەستیار و گرنگدا بەڕێوەدەچن، بەتایبەت کە عێراق لەبەردەم قۆناخی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێدایە بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە ماڵەکەیدا پێشوازی لە سەرۆکوەزیران، مەسروور بارزانی کرد، دوای خوانی بەیانی و کۆبوونەوەیان، لە کاتی بەڕێکردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خەمیس خەنجەر کەسایەتیی سیاسیی عێراق گوتی، "ئێستا دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم هێزە سیاسییەکانە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی هەموو کێشەکان، بە جۆرێک کە ڕێگری بکرێت لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانەکان."

هەروەها تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو و کاریگەرییەکانی ململانێی ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق. هەروەها ڕەخنەی لە هێرشی میلیشیاکان گرت بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی و گوتی، "ئەو هێرشانە دەریخست دەبێت هەموو لایەنە عێراقییەکان بەیەکەوە کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانە، چونکە بەردەوامییان دۆخی ناوخۆیی و ناوچەکە بەرەو ناسەقامگیری دەبات و شیرازەی کۆمەڵایەتی عێراق تێکدەدات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خەمیس خەنجەر ستایشی سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا کرد و بە سەرکەوتوو و گرنگ وەسفی کرد. رایگەیاند، ئەو سەردانە بووەتە مایەی چارەسەرکردنی زۆرێک لە گرفتەکان و گوتی، "ڕێککەوتنێکی سیاسی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی داهاتوو، گرنگترینیان دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا."

سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی وزاری، خەمیس خەنجەر ئاشکرای کرد، لایەنە سیاسییەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی دوای جەژنی قوربان، وەزیر بۆ ئەو وەزارەتانە دابنرێت کە تا ئێستا بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن یان بێ وەزیر ماونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکە لەپێناو داڕشتنی کارنامە و پێکهێنانی کۆتایی حکوومەتی داهاتوو دەکرێن.

خەمیس خەنجەر جەختی کردەوە، عێراقییەکان لەم قۆناخەدا زیاتر لە هەموو کات پێویستیان بەم جۆرە لێکگەیشتن و کۆبوونەوانە هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات.