Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قاسم ئەعرەجی: هەرێمی کوردستان بەهێز بێت عێراقیش بەهێز دەبێت

هەولێر-KDP.info- ئەمرۆ یەکشەممە، ٢٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، جەختی لە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان کورد و عەرەب کردەوە و رایگەیاند، پاراستنی سەقامگیری و هێزی هەرێمی کوردستان، بەهێزییە بۆ تەواوی عێراق.

قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب مێژووییە و هەردوولا لە ڕابردوودا پێکەوە ڕووبەڕووی دیکتاتۆریەت وەستاونەتەوە، هەر بۆیەش ئێستا باشتر لە یەکتر تێدەگەن. گوتیشی، ئەم پەیوەندییە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکانە بۆ ئەوەی وڵاتێکی یەکگرتوومان هەبێت و چیتر قوربانی نەدەین، کاتێک لەیەکتر تێدەگەین، هەموو کێشەکان چارەسەر دەبن."

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەختی لەوەش کردەوە، کارکردنی ئەوان و هەرێمی کوردستان پێکەوە بەردەوامە و گوتی، هیچ کێشەیەکی کەسی لە نێوانماندا نییە، ئێمە لە هەرێم تێدەگەین و ئەوانیش لە ئێمە، چونکە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، عێراقیش بەهێز دەبێت."

سەبارەت بە دۆسیەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، قاسم ئەعرەجی ئاشکرای کرد، ئەم بابەتە لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ باسی کردووە.

رایگەیاند، "بەمزووانە شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی تاران دەکات بۆ دیراسەکردنی ئەم بابەتە بە ڕوونی." ئاماژەی بەوەش دا، شاندەکە لیژنەیەکی ئەمنی باڵایە و پێکهاتووە لە خودی خۆی و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکانی کورد و عەرەب، کە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ئەمنییەکان کار دەکەن.