Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵمەتێکی فراوانی نەمامچاندن بۆ گۆڕینی سیمای دەروازەکانی هەولێر ڕاگەیەندرا

هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانترکردنی سیمای شارستانیی پایتەخت، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی ٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا هەڵمەتێکی بەرفراوانی چاندنی نەمام لەسەر شەقامی سەرەکیی ڕێگەی مەخمور دەستیپێکرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی "کوردستان فاوندەیشن"ەوە ڕێکخرابوو.

لەو ڕێورەسمەدا، کە ژمارەیەک لە ئەندازیاران، بەڕێوەبەرانی بەشە جیاوازەکان و کارمەندانی شارەوانی و ئەندازەی پارک و باخچەکان تێیدا ئامادە بوون، بەشداربووان دەستیان بە چاندنی سەدان نەمام لەسەر شۆستە و باخچەی ناوەندیی شەقامەکە کرد، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ڕازاندنەوەی دەروازەکانی پایتەخت.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخراوی کوردستان فاوندەیشن، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارک و باخچەکان بۆ ڕێکخستنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە، جەختی لە گرنگی پاراستنی ژینگە و ڕەخساندنی کەشێکی تەندروست بۆ هاووڵاتییان کردەوە و ڕایگەیاند، "زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانترکردنی سیمای شەقام و کۆڵانەکان، لە ئەولەویەتی کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی پارێزگادایە. ئێمە هاوشانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەردەوام دەبین لەسەر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و شایستە بۆ دانیشتووانی پایتەخت."

جێی ئاماژەیە، ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی زنجیرە پڕۆژە و چالاکییە ژینگەییەکانی پارێزگای هەولێردایە، کە تێیدا هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی چاندنی درەخت و نەمامی گونجاو لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکە، سیمایەکی شارستانی و سروشتیی سەرنجڕاکێش بە سەرجەم دەروازە و شەقامە سەرەکییەکانی شاری هەولێر ببخشرێت.