بەغدا-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە 5/23، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی فالح ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە.
له کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزباییی دەستبەکاربوون لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و دەربڕینی پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی حکوومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی دووپات کردەوە، سەرۆکی حکوومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەت دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.