Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەت بۆ KDP.info: بەھۆی ئاسانکارییەکانی حکوومەتەوە خەڵک ڕوو لە وزەی خۆر دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت، بەھۆی پاڵپشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھاووڵاتیان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە دانانی سیستەمی وزەی خۆر کردووە، دەنگۆی وەرگرتنی پارەش لە ھاووڵاتیان بۆ بەستنی سیستەمەکە بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە.

ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لە وەزارەتی کارەبا ڕێنمایی تایبەت بۆ ھاووڵاتیان دەرچووە تاوەکو سیستەمی وزەی خۆر لە ماڵەکانیاندا جێگیر بکەن. کارەبای زێدەی ماڵان بە سیستەمێکی ھاوسەنگ دەدرێتەوە بە حکوومەت و لە کۆتایی مانگدا لە پارەی کارەبای سەرفکراوی ھاووڵاتییەکە کەم دەکرێتەوە، ئەم ئاسانکارییەش لە تەواوی عێراقدا ھاوشێوەی نییە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە وەرگرتنی ٥٠٠ ھەزار دینار لەو ماڵانە دەکەن کە سیستەمەکە جێگیر دەکەن، ئەردەلان دۆسکی گوتی، ''ھیچ بنەمایەک بۆ ئەم دەنگۆیانە نییە و نەیارانی کوردستان بڵاوی دەکەنەوە. نە ئێستا و نە لە داھاتوودا ھیچ پلانێکی لەو شێوەیە نییە، چونکە حکوومەت پاڵپشتیی خەڵک دەکات نەک بارگرانییان بۆ دروست بکات.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوان ئامۆژگاریی ھاووڵاتیانی کرد کە کەلوپەلی کوالیتی بەرز بەکار بھێنن و ئاشکراشی کرد، ''ئێستا بانکییش ھەیە کە قەرز بە ھاووڵاتیان دەدات بۆ ئەوەی ئەم سیستەمە بۆ خۆیان دابنێن. پرۆسەکە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشوەچووندایە و خەڵکێکی زۆر دایناوە، لە داھاتووشدا ئامارێکی وردی ڕێژەی بەستنی سیستەمەکە ڕادەگەیەنین.

 

بڵند ئیبراھیم