هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ڕادەگەیەنێت، پڕۆژەی ستراتیژیی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر بە گوژمەی نزیکەی ٧٩٩ ملیۆن دینار لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لە پلانیشدایە توانای پڕۆژەکە بۆ ٣١٥ هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا فراوانتر بکرێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، ''پڕۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر کە خۆی لە چارەسەرکردنی ئاوەڕۆکان و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی بەفیڕۆچوو دەبینێتەوە، لە ئێستادا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پڕۆژەیە بە سیستەمی پێشکەوتووی (Activated Sludge) کار دەکات و دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێر زەوی، هاوکات پاراستنی تەندروستیی گشتی.
بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەش دا، دوای پرۆسەی پاڵاوتن و چارەسەرکردن، ئاوەکە بە گوێرەی ڕێنمایییەکانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بۆ ئاودانی پشتێنەی سەوزایی، باخچەکان و خزمەتکردنی ژینگەی پایتەخت بەکاردێتەوە. گوتیشی، ''پڕۆژەکە لە ئێستادا لە ڕێگەی دوو گرێبەستەوە کاری لەسەر دەکرێت و گوژمەی گشتیی تەرخانکراویش نزیکەی ٧٩٩ ملیۆن دینارە، کە لە قۆناغی یەکەمدا توانای چارەسەرکردنی ٢٦٢ هەزار و ٥٠٠ مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێکدا هەیە.
ئاری ئەحمەد لە کۆتاییدا مژدەی بە دانیشتووانی پایتەخت دا و ئاشکرای کرد، ''پلانمان هەیە پڕۆژەکە زیاتر فراوان بکەین، بە شێوەیەک توانای وێستگەکە بگەیەنینە ٣١٥ هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا. هاوکات تۆڕێکی نوێی ئاوەڕۆ بۆ ناو گەڕەکەکان درێژ دەکرێتەوە بۆ بەستنەوەی ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکانی شاری هەولێر بەم سیستەمە پێشکەوتووەوە.
ئەژین غەفار