هەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئابووری، د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی باڵای دیپلۆماسی وڵاتی سوید کۆبووەوە. شاندەکە پێکهاتبوو لە باڵیۆز یورگن لیندسترۆم، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق، و نیکلاس بێنویک، بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوید لە هەولێر.
لە دیدارەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا تاووتوێ کرا. باڵیۆز یورگن لیندسترۆم ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خواستێکی جددی هەیە بۆ فراوانکردنی ئاستی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەروەها ئامادەیی سویدی نیشاندا بۆ هاندانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەی تاوەکو لە پارێزگا جیاوازەکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستاندا دەست بە وەبەرهێنان بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پێشوازی لەم دەستپێشخەری و هەنگاوانەی وڵاتی سوید کرد. د. محەمەد شوکری پاڵپشتی تەواوی دەستەکەی و فەرمانگەکانی وەبەرهێنانی لە پارێزگاکان بۆ ڕەخساندنی هەموو ئاسانکارییەک و سەرخستنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنەرانی سوید دووپات کردەوە.
