هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، بەهۆی بارانی ئەمساڵەوە زیاتر لە نۆ ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداو و پۆندەکاندا گلدراوەتەوە و سەرجەمیان سەرڕێژ بوون، جگە لە بەنداوەکانی دوکان و گۆمەسپان.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیان، ''ئەمساڵ بەهۆی بارانبارینی زۆر و سەرانسەری لە هەرێمی کوردستان، ئاوێکی یەکجار زۆر لە بەنداو و پۆندەکاندا گلدراوەتەوە کە بە گشتی دەگاتە زیاتر لە نۆ ملیار مەتر سێجا، ئەمەش سوودێکی ئێجگار گەورەی بۆ کەرتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، ئاژەڵداری و ئاوی خواردنەوە دەبێت.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەڵێن بەنداوی دوکان سەرڕێژبووە، ڕەحمان خانی ڕوونکردنەوەی دا و گوتی، ''ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن بەنداوی دوکان سەرڕێژبووە دوورن لە ڕاستییەوە، هێشتا مەترێک و ١٥ سانتیمەتر ماوە بۆ ئەوەی دوکان سەرڕێژ بێت. لە کۆی گشتیی بەنداو و پۆندەکانی هەرێم، تەنیا بەنداوی دوکان لە سنووری سلێمانی و بەنداوی گۆمەسپان لە سنووری هەولێر ماون سەرڕێژ بن.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان لە کۆتاییدا دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەمساڵ ساڵێکی پڕبەرەکەت و پڕباران بوو، کە ئەمەش سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی بە تەواوی بووژاندووەتەوە.
بڵند ئیبراهیم