Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەم لیژنەیە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی کۆبوویەوە

ھەولێر-KDP. info-  بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ،کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای" پاراستن و چاككردنی ژینگە"  بۆ توندکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.5.21، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شیخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، کۆبوونەوەیەکی فراوان و گرنگی لیژنەی باڵای" پاراستن و چاككردنی ژینگە"  لە دیوانی پارێزگادا بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، سەرجەم قائیمقامەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرۆکایەتی و بەرێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان، فەرمانگەی ژینگە، و فەرماندەکانی پۆلیس، پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سازکرا، بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی توند بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردنی پێشوەختە لە هەر جۆرە زێدەڕۆیییەک بۆ سەر موڵکی گشتی.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ ڕوونکردنەوەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و ڕایگەیاند، جەنابی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخێکی تایبەت و پێشینە بەم دوو پرسە ( پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی زێدەڕۆیی ) دەدات، ئاماژەشی بەوەکرد کە سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی مەیدانی چاودێری وردەکاری ڕێکارەکان دەکات و چاوەڕوانی ئەنجامی کاریگەر دەکات.

پاشان پوختەیەکی گشتگیری دەربارەی هەنگاوە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پاراستنی ژینگە، ئاو، و هەوادا خستەڕوو. هاوکات بە ڕاشکاوی تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی کە لەم ڕێگەیەدا دێنە پێشەوە و جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی حکومەت، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە هەماهەنگییەکی بەهێزتر هەیە لە نێوان سەرجەم دامودەزگاکاندا، بە شێوەیەک کە پاڵپشت بێت بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەكانی ( پاراستن و چاککردنی ژینگە)، لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری ناوخۆ فەرمانی کرد کە دەبێت ئاستی ئەم هەماهەنگییە بۆ بەرزترین ئاست بەرز بکرێتەوە و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان و بەرپرسانی دیكەی فەرمانگەكانی سنوورەكانیان بەرپرسیارن و دەبێت وەک یەک تیم كاربكەن بۆ پاراستنی ژینگە و بەدواداچوونی ڕۆژانە و بەردەوامیان هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکان.

هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی هۆشیاریی هاووڵاتییان کرایەوە لە سەرخستنی هەر ستراتیژێکی ژینگەییدا، ئاماژە بەوەشدرا کە یاسا و پڕۆژەکانی حکومەت بەبێ هاوکاری و هۆشیاریی کۆمەڵگە ناتوانن ئامانجە باڵاکانیان بپێکن، بۆیە گۆڕینی ڕەفتاری ڕۆژانەی تاک بەرامبەر بە سروشت، بەردی بناغەی پاراستنی ژینگەیە، لەو چوارچێوەیشەدا، کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی، لەوانە پەروەردەی ژینگەیی و ڕەنگدانەوەی چەمکەکانی ژینگەپارێزی لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا و هاوبەشیی میدیا و ڕێکخراوەکانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوە بێجگە لە بەرپرسیاریەتی هاولاتییان لە شوێنە گەشتیاری و گشتییەکاندا بۆ پاکڕاگرتنی هاوینەهەوارەکان، دارستانەکان، و سەیرانگاکانی کوردستان، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی بۆ پاراستنی سیمای جوانی سروشتی كوردستان. بۆ ئەومەبەستەش سەرجەم لایەنەكان ڕاسپێردران، هەموو ڕێکارێکی تایبەت بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژینگە و سزادانی هەر کەسێک کە سەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی پاراستنی ژینگە دەکات و سروشتی کوردستان دەشێوێنێ.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت بوو بە پرسی بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی، تیشک خرایە سەر هەوڵە مەیدانییەکانی تیمەکانی پارێزگا و شارەوانییەکان و کارەکانی ڕابردوویان بەرز نرخاێندرا، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوەدرا بۆ ڕێگركردن لە زێدەڕۆیی، ڕێکاری توند و یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەس و لایەنانە بگیرێتەبەر كە سەرپێچی و زێدەڕۆیی دەكەنە سەر موڵكی گشتیی.

هاوکات بە توندی جەخت لەسەر بنەمای یەکسانی لەبەردەم یاسادا کرایەوە و بڕیار درا کە چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک نەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم یەكە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران ڕاسپێردران ڕێکاری یاسایی توند و دەستبەجێ بەرامبەر هەر کەسێک و لایەنێك بگرنەبەر کە دوور لە یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەوڵی داگیرکردن، شێواندن، یان زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتیی دەوڵەت دەدات.

دواتر، تیشکی خرایەسەر کارنامەی لیژنەكانی قائیمقامیەت و ناحییەكانی سنووری ئیدارەی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بەپێی یاسا بەرکارەکان و ڕێنماییە ژینگەییەکان دەسەڵاتییان پێدراوە، لێبڕاوانە کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر سروشت و موڵکی گشتی، و ڕووبەڕووبوونەوەی یاسایی ئەو سەرپێچیكارانەی زیان بە هاوسەنگیی ژینگەیی دەگەیەنن، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لە فەرمان و ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆکانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە پاراستنی ژینگە نابێت تەنیا لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی کاتی و وەرزی کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئەمە پڕۆسەیەکی بەردەوامی ڕۆژانە و درێژخایەنە کە پێویستی بە نەفسی درێژ و هەماهەنگیی هەمیشەیی نێوان دامەزراوەکانی حکومەت و هاووڵاتییان هەیە.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، دەرگا بۆ گفتوگۆی ئامادەبووان کرایەوە و بەشداربووان لە ڕوانگەی پسپۆڕی و بەرپرسیاریەتیی خۆیانەوە، کۆمەڵێک سەرنج، تێبینی و پێشنیازیان خستە ڕوو، دوای هەڵسەنگاندنی وردی سەرجەم پێشنیازەکان و بە مەبەستی وەرگێڕانی ڕاسپاردەکانی جەنابی سەرۆکی حکوومەت بۆ هەنگاوی کرداری، کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێکی گرنگ و پێویستی وەرگرت.