ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە سەردانەکەیدا بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵیا، پێشوازییەکی گەورەی پرۆتۆکۆڵی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە جیھان پێگەی سەرۆکی ھەرێم وەک کەسایەتییەکی شارەزا لە ململانێکان و پارێزەری پرسی پێکەوەژیان دەبینێت.
دڵشاد شەھاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info)، گرنگترین تەوەر و ناوەڕۆکی دیدارەکانی سەرۆکی ھەرێمی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیا بەم شێوەیە خستەڕوو و گوتی، " کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ قەداسەتی پاپا لە ڤاتیکان، لە ئاستێکی بەرزی پرۆتۆکۆڵیدا بوو کە تایبەتە بە میوانە ناودارەکان و لە کۆبوونەوەکەدا دڵنیایی درایە پاپا کە کوردستان ھەمیشە وەک مەڵبەندی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەموو پێکھاتەکان دەمێنێتەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە کرستیانەکان پێکھاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن، خاوەن حزوورێکی مێژوویین و قوربانییان لە پێناو پاراستنی وڵاتدا داوە کە سەرۆکی ھەرێم پرسی پێکەوەژیانی وەک ستراتیژێکی نەگۆڕ داناوە و وەک بابەتێکی سیاسیی کاتی سەیری ناکات.
لە درێژەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئیتاڵیا کۆبووەوە، کە بە وتەی دڵشاد شەھاب، ڕووماڵێکی بەرفراوانی لە میدیاکانی ئەو وڵاتە لێکەوتەوە و سەرۆککۆماری ئیتاڵیاش تەقدیرێکی زۆری بۆ ڕۆڵی واقیعیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ناوچەکەدا ھەبوو لە پێناو چەسپاندنی ئاشتیدا و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ھەرێمی کوردستان.
دڵشاد شەھاب گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لەم تەوەرە سەرەکییانە کرا، بەردەوامیی ھاوکارییەکانی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و مەشقپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدانی پێوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری، کلتووری و مێژوویی، لەگەڵ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئامادەیی زیاتری کۆمپانیا ئیتالییەکان لە ھەرێم.
دڵشاد شەھاب ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کرد و گوتی، "لە کۆنفڕانسە جیھانییەکانی وەک میونشن و ئانتاڵیا و ئەم دیدارە نێودەوڵەتییانەشدا، دەردەکەوێت کە جیھان بڕوایەکی قووڵی بە ڕوانگەی واقیعیی جەنابی نێچیرڤان بارزانی ھەیە، چونکە لەپاڵ پێگە فەرمییەکەی، وەک کەسایەتییەکی شارەزا لە ململانێکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان سەیر دەکرێت."
وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە لایەنێکی تری دیدارەکاندا، تیشک خرایە سەر لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکە و بارودۆخی ناوخۆی عێراق و سەرۆکی ھەرێم جەختی کردووە کە کوردستان بەبێ ھیچ پاساوێک ھێرشی دەکرێتە سەر، لە کاتێکدا ھەمیشە بێلایەنیی خۆی پاراستووە و بەشێک نییە لە چەکداری و ئاڵۆزییەکان.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێم ھۆشداری دا لە کردەوەی ئەو ھێزە لەیاسادەرچووانەی خاکی عێراق بۆ ھێرشکردنە سەر دەوڵەتانی دراوسێ (وەک سعوودیە و ئیمارات) و ناوخۆی وڵات بەکاردەھێنن، کە ئەمەش زیانی گەورەی بە پێگە و ئابووری عێراق گەیاندووە و ڕێگرە لە ھاتنی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ وەبەرھێنان، گوتیشی، "چاوەڕوانییەکان ئەوەن حکوومەتی نوێی عێراق دەستوبرد بکات لە سەپاندنی ھەژموونی دەوڵەت بەسەر چەکدا، ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیی تەواوی نیشانداوە بۆ ھاوکاری و پشتیوانیکردنی بەغدا لەم قۆناغەدا.
لە کۆتاییدا، دڵشاد شەھاب ڕایگەیاند کە وڵاتانی جیھان نائارامییەکانی ناوچەکە بە مەترسی دەزانن، چونکە شەڕ دەبێتە ھۆی کۆچ و تێکچوونی سەقامگیری، بۆیە ئیتاڵیا و ڤاتیکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ژیانی خەڵک دووپات کردووەتەوە.
عەزیز ڕەسووڵ