Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP.info پڕۆژە بەردەوامەکان و ستراتیژییەکانی داھاتووی دھۆک دەخاتەڕوو

دھۆک-KDP.info- جێگری پارێزگاری دھۆک ڕایدەگەیەنێت کە پرۆسەی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە و ژێرخانی ڕێگەوبانی پارێزگاکەش پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەردی بناغەی چەندین پڕۆژە لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ و شێخان دانران. بڕیاریشە لەسەرجەم ناوچەکانی تری پارێزگاکە پڕۆژەی نوێ بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی سنووری دھۆک پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە ئێستاشدا کارکردن لە بەشێکی زۆری پڕۆژەکاندا بە چڕی بەڕێوەدەچێت."

سەبارەت بە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی کە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، جێگری پارێزگار ئاماژەی بە چەند ھێڵێکی سەرەکی دا کە ڕۆڵی گرنگیان لە گەشەکردنی ژێرخانی ناوچەکەدا ھەیە، لەوانە پڕۆژەی دووسایدی باعەدرێ ــ دھۆک، پڕۆژەی ڕێگەی شێخان بۆ چڕە و پڕۆژەی ڕێگەی ڕۆڤیا بۆ چڕە.

ھەروەھا ماجد سەید ساڵح ئاشکرای کرد کە کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیی تریش لە بواری ڕێگەوباندا ئامادەکراون و زۆربەی ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکانیان تەواو بووە، کە لە کاتی گونجاودا دەستپێدەکەن. لە گرنگترینی ئەو پڕۆژانەش، پڕۆژەی دووسایدکردنی ڕێگەی ئامێدی و پڕۆژەی چاککردن و لێدانی تۆنێلی سوارەتۆکە و پڕۆژەی تۆنێلی چیای مەتین و چەندین پڕۆژەی گرنگی دیکە.

لەکۆتاییدا جێگری پارێزگاری دھۆک جەختی کردەوە کە ھەر کاتێک وادەی دەستپێکردنی ئەم پڕۆژە نوێیانە دیاریکرا، ڕادەگەیەنرێت و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتیانی ناوچەکەوە.

 

قائید میرۆ