Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە

ھەولێر-KDP. info-  ئێواره‌ى ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٦/٥/١٩، لە ڕۆما، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یەكدا لەگەڵ بەڕێز ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە و هاوکاریی نێودەوڵەتیی ئیتاڵیا، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانى هەرێمی کوردستان و عێراقى لەگەڵ ئیتاڵیا، له‌ بواره‌ جیاكاندا تاوتوێ کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ هاوكارى و پشتگیریى بەردەوامی ئیتاڵیا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى سەقامگیریی ناوچەکە دووپات کردەوە.
 
لای خۆیەوە، بەڕێز ئەنتۆنیۆ تایانی جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریى ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کردەوە و ڕایگه‌یاند کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت وەک فاکتەرێکی ئارامی لە ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها ئامادەییی ئیتاڵیای نیشان دا بۆ فراوانکردنی هاریكاریى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا.
 
له‌ تەوەرێکی دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باسیان له‌ دوایین پێشهاتەكانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و لێكه‌وته‌كانى كرد و جه‌ختیان لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنى ئاشتی و سه‌قامگیرى كرده‌وه‌.